ئێوارەی شەممە ٥ی ڕەشەمە (٢٤ی فێبرییە) دەیان کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کەوتنە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر بریندار بوون.

یەک لەم کۆڵبەرانە کە خۆی شایەتحاڵی ڕووداوەکە بووە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هێزە سنوورپارێزەکان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت بە چەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لە دەیان کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا لانیکەم ٢٠ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، پاوە و داڵاهۆی پارێزگای کرماشان و سنە، مەریوان و سەوڵاوای پارێزگای کوردستان بە گوللەی ساچمە بریندار بوون».

ناسنامەی هەندێ لەم کۆڵبەرە بریندارانە کە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی نەوسوود و پاوە کراون:

بێهنام خەسرەوی و حسەین بەهرامی خەڵکی گوندی «کڵاش»ی جوانڕۆ، مەیسەم ڕوستەمی خەڵکی پاوه، فواد فەیزی خەڵکی گوندی «هەشەمێز»ی سنە، موبین کەرەمی خەڵکی سنە، یەحیا نووری خەڵکی سەوڵاوا، میلاد ڕووستایی خەڵکی گوندی «چەم زرێسک»، مەیسەم ئەمینی، ئارمان ڕەحمانی و مەحموود کەرەمی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، ئەمیر ڕەحمانی و فەرزاد ڕوستمی خەڵکی شاری داڵاهۆ.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ (ژانڤییە و فێبرییەی ٢٠٢٤) سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی مەنسوور محەممەدنژاد، جەبار وەیسی و سەیوان سەحیحی لە ناوچە سنوورییەکانی پاوەی پارێزگای کرماشان و سەقز و بانەی پارێزگای کوردستان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆڵبەرێکیش بە ناوی هۆشیار مەحموودی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نەوسوود و هەرێمی کوردستان بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژراون. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناوی فەرید ڕووبینا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی پارێزگای کوردستاندا بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانی لە دەست داوە.