ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی ڕەشەمە (٢٦ی فێبرییە) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٤٠ ساڵانی خەڵکی سەقز بە ناوی جەعفەر فەرەجی کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە (٢٦ی فێبرییە) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە بە هۆی ئەم دەسڕێژەوە کۆڵبەرێک بە ناوی جەعفەر فەرەجی پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

جەعفەر فەرەجی، ٤٠ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی سەقز بوو. تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە.