بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەمە (٣ی مارس) کۆڵبەرێکی ٥٢ ساڵان بە ناوی عەلی زەرغامی لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەمە (٣ی مارس) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «میشیاو»ی سەر بە «سەرشیو»ی سەقز لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی عەلی زەرغامی کوژراوە.

عەلی زەرغامی، ٥٢ ساڵان، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «ساری باخ»ی شاری تیکاب و دانیشتووی سەقز بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ژانڤییە و فێبرییەی ٢٠٢٤) سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی مەنسوور محەممەدنژاد، جەبار وەیسی و سەیوان سەحیحی لە ناوچە سنوورییەکانی پاوەی پارێزگای کرماشان و سەقز و بانەی پارێزگای کوردستان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆڵبەرێکیش بە ناوی هۆشیار مەحموودی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نەوسوود و هەرێمی کوردستان بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژراون. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناوی فەرید ڕووبینا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی پارێزگای کوردستاندا بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانی لە دەست داوە.