بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی ڕەسوول ڕەحمانی بە هۆی تەقینەوەی مینێکی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقەوە لە نێو پادگانێکی سەربازیدا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان، بریندار بووە.
ناوبراو کە قاچی چەپی بە قورسی بریندار بووە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی کرماشان کراوە.
هەموو ساڵێک بە هۆی تەوینەوەی مینەکانی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق یان هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر کوردستان لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، بە دەیان هاووڵاتی و لە هەندێ حاڵەتدا کەسانی سەر بە هێزە سەربازییەکان، لە ناوچە سنوورییەکان و بە تایبەت لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام گیانیان یان ئەندامێکی لەشیان لەدەست دەدەن.