موژگان کاووسی، نووسەر و توێژەری کوردی خەڵکی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەران، دوای ١٠٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی قائێمشەهر ئازاد کرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباردا (٢٩ی دێسامبر) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سارییەوە بە گشتی سزای پێنج ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دوای تانەدانی پارێزەرەکانی ئەم نووسەرە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی مازەندەران.

بەپێی حوکمەکە، خانمی کاووسی بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» سزای ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ٨ مانگ بەندکران، «فریودان و پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» سزای ٣٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، لە کۆی ٥٩ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، گەورەترین سزاکە واتە ٣٩ مانگ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دێسامبر) کۆبوونەوەی دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ساری بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ»، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «فریودان و پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» و «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» بەڕێوە چوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرماناندا (٢٢ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە نەوشەهر دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تۆنکابۆن کرا.

موژگان کاووسی پێشتر لە بەفرانباری ١٤٠٠دا (ژانڤییەی ٢٠٢٢) دوای ٢١ مانگ زیندانیبوون لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.