بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، خەدیجە مێهدیپوور، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئیلام، لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلامەوە بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتەی درۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» سزای سێ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ٢٧ی گوڵان (١٧ی مەی) لە لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلام بەڕێوە چوو و ڕۆژی ڕابردوو ئەو حوکمەی بە شێوەی نووسراو پێ ڕاگەیەنراوە.

خەدیجە مێهدیپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئیلام، ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ئیلامەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢ ڕۆژ لێپرسینەوەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە، گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام.

ئەم هاووڵاتییە دوای چەند حەفتەیەک لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر پەروانە، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان) سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ناوبراو لە کۆتایی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (ناوەڕاستی فێبرییەی ٢٠٢٢) دوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتیی دەزگای دادوەری لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.

خەدیجە مێهدیپوور پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک سزای غەرامە (گۆڕینی سزای بەندکران بۆ غەرامە)ی بەسەردا سەپابوو.