ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز (١٢ی دیسامبەر) چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی جەلال ئەمینی، کازم مام ئیسماعیل، حسەین ئەحمەدی و یوونس مەحموودزادە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوێنێ ٢١ی سەرماوەز (١٢ی دیسامبەر) جەلال ئەمینی، کازم مام ئیسماعیل، حسەین ئەحمەدی و یوونس مەحموودزادە کە بە ڕیز سزای ٣٠ مانگ، ١٢ مانگ، ٢٦ مانگ و ٣٠ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کراون.

لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان لە بەفرانباری ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و هەروەها «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای بەندکرانی بەسەر ئەم چوار هاووڵاتییەدا سەپاندبوو.

ئەم هاووڵاتیانە لە کۆتایی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٤٠١دا (ئاگۆست و سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ و دوای چەند حەفتە لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کران.