بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “خالید(سادق) زەمانی”، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری خۆی لە کاتێکدا دوازدەمین ساڵی ماوەی ٣٠ ساڵەی سزاکەی لە بەندیخانەی یەزد تێپەڕدەکات، کە تاوەکو ئێستا لە مافو چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی بێبەش بووە.

خالید زەمانی لە ڕێکەوتی ١٠ی پوشپەڕی ١٣٨٧دا / ٢٠٠٨.٠٦.٣٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری خۆی دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری “خۆی”دا بەسەختی ئەشکەنجە درا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.

ناوبراو پاشان لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری خۆیەوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر نەورۆزی” بە تۆمەتی ” موحاربە (دژایەتیکردنی خوا) لەڕێگەی ئەندامێتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” بە “بڕینەوەی دەستی چەپ و قاچی ڕاست” سزادرا.

ئەو سزایە پاش تانەلێدان بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردرا و لەوێ ڕەتکرایەوە. ناوبراو پاشان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە بە ٣٠ ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد سزادرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لەکاتێکدا بە “موحاربە” تۆمەتبارکرا و بەپێی ئەو تۆمەتە دادگایی کرا کە لە دۆسییەکەیدا هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەندامێتیی یان هاوکاریکردنی چالاکییە چەکدارییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا نەبوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣٠ سەرماوەزی ١٣٨٨دا / ٢٠٠٩.١٢.٢١،  لە بەندیخانەی خۆییەوە بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخرایەوە.

پارێزەری خالید زەمانی لەم دواییانەدا داواکارییەکی بۆ پێداچوونەوە بەسەر سزای بریگرتەکەیدا ئاراستە کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە یەکێکە لە هاودۆسییەکانی “فەسیح یاسەمەنی”. فەسیح یاسەمەنی بە تۆمەتگەلی هاوشێوەی تۆمەتەکانی خالد زەمانی دادگایی کرا و بە سێدارە سزادرا. ئە بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٨٨دا / ٢٠١٠.٠١.٠٨ بێ ئاگاداری بنەماڵەی و پارێزەرەکەی لە لە بەندیخانەی خۆیدا لەسێدارە درا.

خالید زەمانی باوکی ٤ منداڵە و لە ئێستادا لە کاتێکدا دوازدەمین ساڵی سزاکەی تێپەر دەکات کە لە هەموو ئەو ماوەیەدا مافی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی لێ زەوتکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەندیخانەی یەزد داواکارییەکەی بۆ چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی پەسند کردووە.