ئەمیر شەهبازی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەست کە ڕۆژی ڕابردوو لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا و لە ڕێگای هەڵدانی حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لەبەر ئەوەی درەنگ گەیەنرایە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە لەسەر بڕیاری شۆرای سزادانی زیندان و بە بیانووی ئەوەی «مۆبایل»یان پێوە گرتووە کە لە زینداندا قەدەغەیە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو.

ئەمیر شەهبازی بە بەرپرسانی زیندانی وتبوو کە ئەگەر بیگوێزنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی خۆی دەکوژێت، بەڵام دوانیوەڕۆی دوێنی گوێزرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و کاتژمێر ٢ی بەرەبەیان پاسەوانەکان تێگەیشتبوون کە هەوڵی خۆکوشتنی داوە، کەچی سەرەڕای ئەوەیش نەیانگواستبووەوە بۆ نەخۆشخانە و یەک دوو کاتژمێر دواتر گیانی لە دەست دا.

ئەمیر شەهبازی، ٣٧ ساڵان و خەڵکی ورمێ، ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) بە تۆمەتی «دزی» دەستبەسەر کرا و دوای چەندین مانگ چاوەڕوانبوون بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دۆسیەکەی، دواجار لە لایەن دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢ بەندکراوی دیکەیش لە زیندانی بۆکاندا لە ڕێگای هەڵدانی حەبەوە خۆیان کەشتووە.