وریشە مورادی بە کۆدی ڕێکخراوەیی «جوانا سنە»، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) دوای ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا، ڕۆژی ڕابردوو گوازراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٥ی بەفرانبار (٢٦ی دیسامبەر) وریشە مورادی دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە. ئەم ژنە چالاکە کوردە بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها یەک جار توانیویەتی دیدارێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات، بەڵام تا ئێستا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری یاسایی بێبەش کراوە.

وریشە مورادی بە کۆدی ڕێکخراوەیی «جوانا سنە»، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) لە دەروازەی شاری سنەدا و پاش دەسڕێژی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئۆتۆمبێلێک کە ئەو سەرنشینی بوو، دەستبەسەر کرا.

ئەم ئەندامەی کەژار دوای دەستبەسەرکران براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و نزیکەی ٢ حەفتە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

وریشە مورادی لە کۆتایی گەلاوێژدا (ئاگۆست) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٣ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە بەرواری دەستبەسەرکردنیان، ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی «پژاک» بوون.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبەر) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.