بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «حەکێ »ی ناوچەی سیلوانای ورمێ بە ناوی موزەفەر پیرنیا کە لە ٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای ٣٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.
ئەم هاووڵاتییە بە درێژایی ئەو ماوەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بووە، مافی پێوەندیگرتنی تەلەفۆنی یان دیداری بنەماڵەکەیی لێ زەوت کراوە. ناوبراو دوای گواسترانەوە بۆ زیندانی گشتی، بە فەرمانی بەرپرسان نێردراوەتە بەنی ٢-١ی بەندیخانەکە.
دەوترێت کە ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەستبەسەر کراوە.