بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حەسەن ڕەستگاریمەجد، زیندانیی سیاسیی کورد، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە نادیاربوونی بارودۆخی ناسنامەکەی لە ئێران، لە زیندانی ورمێدا مانی لە خواردن گرتووە. ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی تورکیا کە دوای نیشتەجێبوون لە ئێران لە ساڵی ١٣٧١دا ناسنامەی ئێرانیی وەرگرتبوو، بەپێی حوکمی دادگا دەبێ ئێران بەجێ بێڵێ و بگەڕێتەوە بۆ تورکیا.
سەرچاوەیەکی ئاگادارلە دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی: «بەرێز ڕەستگاریمەجد کە لە بەندی دەرووندەرمانیی زیندانی ورمێدایە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر بە نووسینی نامەیەک بۆ بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ داوای لێ کردوون چارەنووسی ناسنامەکەی ڕوون بکەنەوە».
بەپێی شایەتنامەیەکی خەڵکی ناوچەکە کە نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی ورمێ شایەتییان داوە کە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە پێش شۆڕشی ئێران (١٩٧٩) لە ئێرانەوە کۆچیان بۆ تورکیا کردووە و بە بنەچە کوردی ئێرانن.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم زیندانییە سیاسییە بە بنەچە ئێرانییە، ناسنامەی تورکیاییشی هەیە: «ناوبراو ساڵی ١٣٧١ لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گەڕایەوە ئێران، بەڵام دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا دادگای ورمێ ناسنامەی لێ وەرگرتەوە و بەڵگەنامەکانی بە نایاسایی لە قەڵەم دا و هەر بەم تۆمەتانەش مەحکووم کرا بە ٣ساڵ زیندانیکردن، ٣ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە و دەرکردن لە ئێران».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «بنەماڵەی ئەم زیندانییە دوای دەرکردنی ئەم حوکمە مافی خوێندن و ژیانکردنی ئێرانیان لێ سنراوەتەوە و هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ تورکیا و چەند مانگێک لەمەوپێش داوایان کردووە ئەویش بگوازرێتەوە بۆ زیندانی تورکیا، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی ئەم داواکارییەدا بە وەزارەتی دەرەوەی تورکیایان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو ناسنامەی ئێرانیی هەیە و بەپێی یاساکانی ئێران ڕادەستی تورکیا ناکرێتەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەسەن ڕەستگاریمەجد ئێستا لە دۆخێکی نادیار و هەڵواسراودایە؛ نە ڕادەستی تورکیا دەکرێتەوە و نە دان بە ناسنامە ئێرانییەکەیدا دەنرێت. لەم ساڵانەی ڕابردوودا ئەمە سێهەم جارە کە ناوبراو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بەم دۆخە، مان لە خواردن دەگرێت.
حەسەن ڕەستگاریمەجد، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری ورمێ، ٥ی خەزەڵوەری ٩٣ بە تۆمەتی بەشداریکردن لە «خۆپیشاندانەکانی پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی کۆبانی» لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا و خەرمانانی ٩٤ دادگای ئینقلابی ورمێ هەندێ تۆمەتی وەک «تێکدانی ئاسایشی گشتی»، «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «ئەندامێتیی پارتی کرێکارانی کوردستان»ی ڕووبەڕوو کردەوە و حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاند. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە. هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەشدا بە تۆمەتی «ژیانی نایاسایی لە ئێراندا» ٣ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە بەندیخانەدا» ساڵێکیتر زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
شایانی باسە کە حەسەن ڕەستگاریمەجد لە سەرماوەزی ١٣٩٥یشدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە دۆسیەسازیی ڕێکخراوە ئەمنییەکان و ڕەتکردنەوەی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی، ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکەدا لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێوە گواسترایەوە بۆ لقی ١٠٤ی دادگای ورمێ و بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و نەزمی زیندان» دادگایی کرا، دواجار ئەم دادگایە لە بەفرانباری هەمان ساڵدا حوکمی ٢٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیکردنی پێ ڕاگەیاند.
ئەم زیندانییە سیاسییە بە گشتی حوکمی ١٩ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان) ١٥ ساڵ لەم سزایە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ورمێ؛ حەسەن ڕەستگاریمەجد لە زینداندا مانی لە خواردن گرت
دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای میاندواو
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «حاجی حەسەنی شامات»ی سەر بە شاری میاندواو بە ناوەکانی موحسین قادرڕەش و ئومید...
زیاتر بخوێنەوەڕەتکردنەوەی داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی ڕەزا ڕەسایی لە دیوانی باڵای ئێراندا
لقی یەکەمی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی ڕەت کردەوە. دیوانی باڵای ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشە...
زیاتر بخوێنەوەلە هەمەدان زیندانییەک لە سێدارە درا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی ئەکرەم کەریمپوور کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ...
زیاتر بخوێنەوە