دۆخی تەندروستیی محەممەد خودکام، بەندکراوی خەڵکی بۆکان کە لە بیست و پێنجەمین ڕۆژی مانگرتندایە، زۆر خراپ و ناجێگیرە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو جار لەسەر خۆ چووە و لە قەرەنتینەی زیندانی بۆکانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکەی ئەم زیندانە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە کە لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرکردنی سزای قورسی بەندکران و سزای پارەدا مانی لە خواردن گرتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو جار لەسەر خۆ چووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان. ئەم زیندانییە مانگرتووە بە هۆی دابەزینی بەرچاوی زەخت و کێشی جەستەوە تووشی سەرگێژبوون، حاڵەتی سکچوون و لەهۆشچوون بووە و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و وەرگرتنی کانولە (سیرۆم) درێژەی بە مانگرتنەکە داوە.

دەوترێت بەرپرسانی زیندان و دادگای بۆکان تا ئێستا هیچ ئاورێکیان لە داواکارییەکەی ئەم بەندکراوە بۆ بەڕێوەبردنی موحوکمەیەکی دادپەروەرانە نەداوەتەوە. محەممەد خودکام لە ڕۆژی ٣ی بەفرانبارەوە (٢٤ی دیسامبەر) بە دەستووری بەرپرسانی زیندان گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

محەممەد خودکام کە ڕۆژی ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ (٣١ی مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز (٩ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای ١٧ ساڵ بەندکران و ١٨٠ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.

دەوترێت هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە کۆڵانی ماڵەکەی ئەم هاووڵاتییەدا لە بۆکان بەستەیەک مادەی هۆشبەریان دۆزیوەتەوە و ئەویان وەک خاوەنی مادەکە دەستبەسەر کردووە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە هەرهەموو دەنگۆکانی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دادگا بەبێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ئەم هاووڵاتییە ئاوا سزایەکی قورسی بە سەریدا سەپاندووە و بەرپرسانی پێوەندیدار ئامادە نین داواکارییەکەی بۆ بەڕێوەبردنی دادگایەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکەن.