سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی جۆزەردان (٨ی ژوەن) هەشت زیندانیی بەندکراو لە زیندانی تارانی گەورە کە پێشتر بە تۆمەتی «دزی» حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان بۆ دەرچووە، بە مەبەستی ڕەوانەکردنیان بۆ زیندانێکی تر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان بانگهێشتی نووسینگەی زیندان کراون، بەڵام بە هۆکاری نادیار گواستنەوەیان خراوەتە کاتێکی تر و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حوکمی ئەم کەسانە پەسەند کراوە، هەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان لە ئارادایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سێ زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی لەش بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە زیندانی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە کراون. لەو ٥ زیندانییەی تر کە بە حوکمی بڕینەوەی ئەندامی لەشەوە لە زیندانی تارانی گەورەدان، تا ئێستا تەنها ناسنامەی یەک کەسیان بە ناوی یەعقووب فازڵی خەڵکی کووهدەشت دەر کەوتووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی گواستنەوەی زیندانییەکی مەحکووم بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەست لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشانەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران و جێبەجێکردنی حوکمەکەی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە. دەوترێت بە دەستووری بەرپرسانی دەزگای دادوەری ئامێرێکی گیۆتین بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەی دەست براوەتە زیندانی ئێڤین و ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لانیکەم ٨ زیندانی لە ئارادایە.

بنەماڵەی هەندێ لەم زیندانییانە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا داوایان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و شۆرای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کار بکەن بۆ ڕاگیرانی دەستبەجێ و خێرای ئەم حوکمانە.