بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەندکراوێک بە ناوی میلاد کەریمی کە حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی هەبووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم حوکمەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ تەواو کردبوو، ڕۆژی چوارشەممە٩ی خەرمانان (٣١ی ئاگۆست) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆسیەسازی و دەرکردنی حوکمی نوێدا مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە بەندی ٢ لەگەڵ ئەم بەندکراوە دیداریان کردووە و داوایان لێ کردووە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت. بەرپرسانی زیندان هەڕەشەشیان لێ کردووە ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکەی بدات ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی دەکرێت.

ئەم بەندکراوە ٣٠ ساڵەیەی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی کەرەج لە نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی دزی لە زیندانی ناوەندیی ورمێدایە. ناوبراو لەم ماوەیە و لە دۆسیەیەکی تازەدا بە تۆمەتێکی هاوشێوە لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی فەردیسی کەرەجەوە سزای ٣ ساڵ و نیو بەندکران و دانەوەی ٢ میلیارد تمەن بە شکاتکارێکی بۆ دەرکراوە.

ئەم حوکمە نوێیە لە حاڵێکدا دەرکراوە کە ئەم بەندکراوە لەم ماوەیەدا هیچ جۆرە بانگهێشتنامەیەکی لە لایەن دادگای فەردیسی کەرەجەوە سەبارەت بەم دۆسیەیە بۆ نەنێردراوە و تەنها دوو جار براوەتە بەردەم لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی ورمێ. ئەم بەندکراوە وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم سزایە، دەرکردنی حوکمەکەی بەبێ ئامادەبوونی خۆی و ڕووبەڕووکردنەوە لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا بە نادادپەروەرانە زانیوە و هەر بۆیە مانی لە خواردن گرتووە.