بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست هەڕەشەکانی سەعیدزادە، بەرپرسی بەندی ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە پاش ڕادەستکردنی نامەی مانگرتنەکەی بە نووسینگەی پاسەوانیی ناوخۆی زیندان، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

دەوترێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەعیدزادە، بەرپرسی بەندی ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، چەندین جار ئەم بەندکراوەی بانگهێشت و هەڕەشەی جێبەجێکردنی حوکمەکەی لێ کردووە.

هادی ڕوستەمی ٣٥ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی ئیلام لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لە شاری ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».
ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.