ئیرەج سۆفی محەممەد، زیندانیی مەزهەبیی کورد، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست گەڕاندنەوە لە حاڵەتی کاری دەروەی زیندان یان (رای باز)ـەوە بۆ بەندی ناوخۆی زیندان، لە ڕۆژی ڕابردووەوە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیرەج سۆفی محەممەد کە لە حاڵەتی (رای باز)دا بوو، بە هۆکاری نادیار ڕۆژی هەینی ١٥ی گوڵان (٥ی مەی) بە دەستووری داواکاری گشتیی مەهاباد گوازراوەتەوە بۆ بەندی ناوخۆی زیندان. ئەم زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی گوڵان (٧ی مەی) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست گەڕاندنەوەیدا بۆ بەندی ناوخۆی زیندان، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی مەهاباد سەرەتای پاییزی ١٣٩٨ (٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ناوبراو لە گوڵانی ١٣٩٩دا (مەیی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم سزایە دوای ماوەیەک لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بۆ ١٠ ساڵ بەندکران. ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (جولایی ٢٠٢١) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر نەگواستنەوەیدا بۆ زیندانی مەهاباد بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت. ئەم بەندکراوە دوای چەند حەفتەیەک گوازرایەوە بۆ زیندانی مەهاباد و لەم ماوەیەدا لە بەشی «رای باز»ی ئەم زیندانەدا بووە کە بریتییە لە کارکردن لە فەزای دەرەوەی بەندە ناوخۆییەکانی زینداندا.

ئیرەج سۆفی محەممەد پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٦دا (٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و هەر بەم تۆمەتە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێوە سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی حوکمەکە لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.