ئومید سەعیدی، زیندانیی سیاسیی کورد، نۆهەم ڕۆژی مانگرتنەکەی لە زیندانی خۆی تێدەپەڕێنێت و دەوترێت دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕەوە (٤ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕەتکردنەوەی داوای پشووی کاتی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە لەبەر ئەوەی هیچ وەڵامێک لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بە داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی نەدراوەتەوە، پێداگرە لەسەر بەردەوامبوون لە مانگرتنەکە و ڕۆژی ڕابردوویش کە براوەتە نەخۆشخانەکەی زیندان ئامادە نەبووە سیرۆمی خۆراک وەربگرێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەیەوە و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان، لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

هەفتەی ڕابردوو یەعقووب ڕەشتبەر، داواکاری گشتیی خۆی و سەفەر تاوەردیزادە، سەرۆکی زیندانی خۆی، لە ناو زینداندا لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییە دیداریان کردبوو و هەردووکیان هەڕەشەیان لێ کردبوو ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکەی بدات دووری دەخەنەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی جوڵفا یان کرماشان.

ئومید سەعیدی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) لە نامەی مانگرتنەکەیدا بۆ بەرپرسانی زیندانی خۆی ڕایگەیاندبوو کە ٤ مانگ پێش لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی خۆی و تا ئێستا چەندین جار شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان ڕەزامەندیی لەسەر داوای پێدانی پشووی کاتی بەم زیندانییە سیاسییە داوە، بەڵام سەرەڕای دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە هۆی ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش کراوە.

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەی زیندانەکان و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بە زیندانیانی سیاسی دواجار گرێدراوی ڕەزامەندیی ئیدارەی ئیتلاعاتە.

ئومید سەعیدی، هاووڵاتیی خەڵکی خۆی، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، نایب حاجیزادە و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئومید سەعیدی تانەی لە حوکمەکە دا بەڵام لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە، حوکمی ئەو ٣ هاووڵاتییەکەی تریش دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.