ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕ (١٧ی جولای) لانیکەم چوار زیندانی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراون. ناسنامەی دوان لەم زیندانیانە موسلیم هەواسی و سیامەک حەیاتبینی ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕ (١٧ی جولای) موسلیم هەواسی و سیامەک حەیاتبینی، دوو بەندکراوی خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، لەگەڵ دوو بەندکراوی تردا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراون.

لەسەر ناسنامەی ئەو دوو زیندانییەکەی تر تا ئێستا زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەم چوار بەندکراوە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.