سەدان بەندکراوی ناو زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژەوە (١ی ئاگۆست) تا ڕۆژی شەممە ١٤ی گەلاوێژ (٥ی ئاگۆست) بە شێوەی بەکۆمەڵ لە بەندە جیاوازەکانی ئەم زیندانەوە گوازرانەوە بۆ زیندانەکانی ئێڤینی تاران و قزلحەساری کەرەج. دەوترێت دۆخی ئەم بەندکراوانە خراپ و نالەبارە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵنەگرتنی کەلوپەلە کەسییەکانیان لە کاتی گواستنەوەدا، ژمارەی زۆری زیندانییەکان و کەمبوونی پێداویستیی دەرمانی و خزمەتگوزاریی پزیشکی لەو دوو زیندانەدا.

ڕەوتی چۆڵکردن و داخستنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژەوە (١ی ئاگۆست) بە گواستنەوەی لانیکەم ٩ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی سەعید ماسووری، ئەفشین بایمانی، موتەلیب ئەحمەدیان، حەمزە سەواری، سامان یاسین، لوقمان ئەمینپوور، محەممەد شافیعی، حسەین گەچلوو و مەسعوود کازمینژاد بۆ بەندی ٨ی زیندانی ئێڤینی تاران دەستی پێ کرد و لە ڕۆژانی پاشتردا بە سەدان زیندانیی دیکە ڕەوانەی زیندانی قزلحەساری کەرەج کران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لەبەر زۆربوونی ڕێژەی بەندکراوان لە هەردوو زیندانی ئێڤینی تاران و قزلحەساری کەرەجدا، زۆربەی زیندانیانی ڕاگوێزراو لە دۆخێکی نەگونجاو و ناپاکدا ڕاگیراون و لەسەر عەرز دەخەون. هەروەها بە دەستووری بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی زیندانەکان و دەزگای دادوەری، هێزی بەرپرسیاری گواستنەوە نەیانهێشتووە زیندانییەکان کەلوپەلە تایبەتە کەسییەکانیان، لەوانە جلوبەرگ، بەتانی و دەواودەرمانەکانیان، لەگەڵ خۆیان ببەن و دەوترێت دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان بە هۆی خزمەتگوزاریی ناتەواوی پزیشکییەوە خراپ و ناجێگیرە.

دەوترێت زۆربەی زیندانییەکان، لەوانە چەند زیندانییەکی سیاسی کە تا ئێستە ناسنامەیان دەر نەکەوتووە، گوازراونەتەوە بۆ هۆڵەکانی ١٧، ١٨، ٢٠ و ٢٢ی بەشی ٣ی زیندانی قزلحەساری کەرەج.

هەروەها لانیکەم ٩ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی سەعید ماسووری، ئەفشین بایمانی، موتەلیب ئەحمەدیان، حەمزە سەواری، سامان یاسین، لوقمان ئەمینپوور، محەممەد شافیعی، حسەین گەچلوو و مەسعوود کازمینژاد بەبێ ئەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی کەلوپەلە کەسییەکانیان پێ بدرێت، ڕەوانەی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤینی تاران کراون.

زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کە بە ناوی زیندانی گەوهەردەشتیشەوە دەناسرێت، لە زیندانە تۆقێنەرەکانی ئێران بوو. لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیان لە ساڵی ١٣٦٧دا (١٩٨٨) لەم زیندانەوە دەستی پێ کرد؛ چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ چۆڵکردن و داخستنی ئەم زیندانە بە هەوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لەناوبردنی بەڵگە و ئاسەوارەکانی ئەم کوشتارە بەکۆمەڵە لە قەڵەم دەدەن.