فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت، پێنج زیندانیی مەزهەبیی کورد، لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانبارەوە (٣ی ژانڤییە) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست لەسێدارەدانی داوود عەبدوڵڵاهی و مەترسیی لەسێدارەدانی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرتووە. ئەم بەندکراوانە لەگەڵ لانیکەم ١٠ بەندکراوی مەزهەبیی دیکەدا لە ژوورێکی بچووکی بەندی ئەمنی بەشی ٣ی زیندانی قزلحەساری کەرەج لە دۆخی ئیزۆلەدا و بەبێ پێداویستییە سەرەتاییەکان ڕاگیراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانی داوود عەبدوڵڵاهییەوە لە زیندانی قزلحەساری کەرەجدا، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت کە ئەوانیش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، مانیان لە خواردن گرتووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەرپرسانی زیندان ئەم بەندکراوانەیان خستووەتە دۆخی ئیزۆلەوە و گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکانیشیان بۆ ئەوەی بێدەنگیی لێ بکەن و هیچ هەواڵێک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان بڵاو نەکەنەوە.

دوای ئەوەی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی لە ڕۆژانی ١٤ی گەڵاڕێزان، ٨ی سەرماوەز (٥ و ٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) و ١٢ی بەفرانباردا (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە سێدارە دران، نیگەرانییەکان لە ئاست لەسێدارەدانی ئەم ٤ زیندانییە مەزهەبییەدا کە ئەوانیش لە هەمان دۆسیەدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پەرەی سەندووە.

دوای پەسەندکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانیانە لە دیوانی باڵای ئێران لە ساڵی ١٣٩٨دا (٢٠٢٠) دۆسیەکەیان ڕادەستی بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکان (ئیجرای ئەحکام) کراوە. هەروەها لە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩دا (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٠) لقی ٣٨ی دیوانی باڵای ئێرانیش داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە مەزهەبییانەی ڕەت کردەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کران و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی ئەم زیندانەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. ئەم بەندکراوانە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١ (١٣ی ئاوریلی ٢٠١٢) گوازرانەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لانیکەم ٤ کەس لەم زیندانیانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی نامەی سەرئاوەڵا باسیان لە ئەشکەنجەدانی خۆیان لە قۆناغی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا کردووە.

خەسرەو بەشارەت لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا لەسەر ئەشکەنجەدرانی خۆی لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە، نووسیبووی: «ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٨ (ژانڤییەی ٢٠١٠) بوو کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کرام و برامە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. بۆ ماوەی مانگێکی تەواو لە ژووری تاکەکەسیدا بە چەندەها جۆری جیاواز ئەشکەنجەیان دام. زۆرجار لە ١٢ی شەو بەدواوە هەتا بەیانی بە دەنگی تۆقێنەر و دەنگی هاوار و شیوەنی کەسێک کە خەریکە ئەشکەنجە دەدرێت، ترس و لەرزیان دەخستە هەموو گیانمەوە و هەتا بەیانی نەمدەتوانی بخەوم، بەم کارەش ئازار و ئەشکەنجەی دەروونیی زۆر سەختیان دەدام. بۆ ماوەیەکی درێژ لە پشتەوە دەستەکانمیان بە کەلەبچە دەبەست، بە شێوەیەک کە لە ئێشی دەست و پێ دەمناڵاند. چەندەها جار بە سەعات بە کەلەبچە لە سەقفەکەوە شۆڕیان دەکردمەوە و چەندین جار بە تەختێکیانەوە دەبەستم و بە کێبڵی ئەستووری کارەبای سێ ڕشتە، بە توندی لە ژێرپێیان دەدام، بە شێوەیەک کە نزیک بوو مێشکم لە دەمم بێتە دەرەوە و گلێنەی چاوم دەربێت و دڵم خەریک بوو بتەقێ».

لە درێژەی ئەم نامەیەدا نووسراوە: «ئەم ئەشکەنجانە سێ حەفتە درێژەی هەبوو و پاشان هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لێ کردم. لەو کاتە و لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا، لێپرسەوەی دۆسیەکە خۆی تۆمەتەکانی بە زۆر پێ دەنووسیم و پێی پەنجەمۆر و ئیمزا دەکردم، لە دۆخێکدا کە هەر لەم دونیایەدا نەبووم و نەمدەزانی خەریکم واژۆ لەسەر چی دەکەم».

ئەنوەر خزرییش لە نامەیەکی سەرئاوەڵا لە ڕێبەندانی ١٣٩٧دا (ژانڤییەی ٢٠١٩) لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە نووسیبووی کە دوای ٥٦ ڕۆژ ئەشکەنجەدان، لەوانە لێدانی بەردەوام لە سەر، سینە و ژێرپێیەکانی، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ -کە خۆی ناوی لێ ناوە «ئەشکەنجەخانە»ی وەزارەتی ئیتلاعات- هەوڵی خۆکوشتنی داوە: «لە پەنجا و حەوتەمین ڕۆژی دەستبەسەربووندا، دوکتور تلووعی لە نەخۆشخانە نەشتەرگەریی بۆ کردم و دوای هاتنەوەهۆش، بەبێ ئیزنی دوکتور بردمیانەوە بۆ ئەشکەنجەخانە و دیسانەوە دەستیان کردەوە بە هەڕەشە و ئەشکەنجەدان و بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی لاوازبوونی جەستە و کاریگەریی دەرمانی بێهۆشی و قەیرانی ڕۆحی و دەروونیی دوای نەشتەرگەری کە قوربانییەکە لە دۆخی سروشتی دادەبڕێت، هەروەها هەڕەشەی کوشتنی دایک و بابم بە ڕووداوی هاتوچۆی ساختە، ناچاریان کردم واژۆ لەسەر کۆمەڵە کاغەزێک بکەم کە تەنانەت نەمدەزانی چییان لەسەر نووسرابوو. پاشان بردیانمە بەردەم کامێرایەکی داشاردراو و لە سیناریۆیەکی قێزەونی پلان بۆ دانراودا، فیلمێکی تەواو درۆیان دروست کرد کە هەر مرۆڤێکی ژیر جارێک بیبینێ لە درۆبوون و ساختەبوونی دەگات، تەنانەت پێش هەرجۆرە لێپرسینەوە و دادگاییکردنێک، فیلمەکەیان لەڕێی کاناڵی تاوانکار و درۆزنی پرێس تیڤییەوە بڵاو کردەوە کە دارەدەستی وەزارەتی ئیتلاعات و سیاسەتە چەپەڵەکانی ئەم دەزگا بەدناوەیە لە دەرەوەی سنوورەکاندا».

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

فەرهاد سەلیمی، یەکێکی تر لەم زیندانییە مەزهەبییە مەحکووم بە ئێعدامانە، لە گەلاوێژی ١٣٩٨ (ژولایی ٢٠١٩) لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ ئیبراهیم ڕەییسی، سەرۆکی ئەودەمی دەزگای دادوەری، باسی لە بارودۆخی خۆی لە قۆناغی دەستبەسەربوون، دادگاییکردن و دووجار سەپاندنی سزای لەسێدارەداندا کردووە: «ئایا من و بنەماڵەکەم هاووڵاتیی ئەم وڵاتە نین یان یاسا بە دڵخواز و گوڵبژێرکراو جێبەجێ دەکرێت؟؟؟!! لە ماوەی ئەم دە ساڵە و دوای ٧ ساڵ نادیاربوونی چارەنووسمدا، یەکەم جار ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەد مەقیسە سزای لەسێدارەدانم بۆ دەرچوو کە دوای تانەلێدان، لە لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێراندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی لە ڕووی ناوەرۆکەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی هاوتەریب واتە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی. ئەم دادوەرەیش بە بیانووی بێمانای قبووڵنەکردنی پارێزەرە هەڵبژێردراو و یاساییەکەم واتە بەڕێز دوکتور مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی و داوای گۆڕینی ئەم پارێزەرە، لێکۆڵینەوەکەی نزیک بە دوو ساڵ دوا خست، هەتا ئەوەی کە دواجار لە ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٨دا (١٧ی ژوەنی ٢٠١٩) لێکۆڵینەوەی بۆ دۆسیەکەم کرد و دوای تێپەڕینی مانگێک بەسەر کۆبوونەوەی دادگاکەدا، سەرلەنوێ بە تۆمەتی «افساد فی الارض»، موحارەبە و بەغی سزای لەسێدارەدانی بەسەرمدا سەپاندەوە، بەبێ ئەوەی هیچکام لەو تاوانانەم ئەنجام دابێ کە لە مادەکانی ٢٧٩، ٢٨٦ و ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە و بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لە دۆسیەکەدا بوونی ببێت، بەڵکوو سەرجەم ناوەرۆکی دۆسیەکە لێوانلێوە لە پارادۆکس و بەرگرییەکانی من لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دادگادا بە راشکاوی دەیسەلمێنن کە ئەو حوکمەی دوو جار بە سەرمدا سەپاوە، هیچ ڕەوایەتییەکی نییە».

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە پووشپەڕی ١٣٩٨ (جولایی ٢٠١٩) و لە دۆسیەیەکی جیاوازدا، لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی ورمێوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی مامۆستایەکی ئایینیی سوننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا دادگایی کران. بەپێی حوکمێک کە پووشپەڕی ١٣٩٩ (جولایی ٢٠٢٠) بەم زیندانیانە ڕاگەیەنرا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» هەرکامە سزای ١٠ ساڵ بەندکران و کامران شێخەیش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بەسەردا سەپا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.