به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، منداڵ-تاوانکاری مەحکووم بە ئێعدام بە ناوی ئەرسەلان یاسینی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە بەندی ٩ی زیندانی ناوەندیی ورمێوە گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

بەرپرسانی بەندیخانە بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە ئەگەر نەتوانن ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوەکە (ئەولیای دەم) وەربگرن، سبەینێ دەمەوبەیان حوکمەکە جێبەجێ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەرسەلان یاسینی، لەدایکبووی ١٣٦٩ی نەغەدەیە و پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی یاسایی ١٨ ساڵان، بە تۆمەتی کوشتنی دوو خزمی خۆی دەستبەسەر کرا و دواتر حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو ماوەیەکی زیندانییەکەی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێ یان هەمان زیندانی منداڵاندا بردۆتە سەر.

بەپێی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە ئێرانیش ئیمزای کردووە، ئەوانەی لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵانەوە تووشی تاوان دەبن بە منداڵ دێنە ئەژمار و نابێ حوکمی لەسێدارەدانیان بە سەردا بسەپێت و ئێعدامکردنی ئەم کەسانە خۆی کارێکی تاوانکارانەیە. بەڵام ئێران بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو درێژەی بە لەسێدارەدانی منداڵانی تاوانکار داوە و لە هەموو جیهاندا زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانی منداڵانی تۆمار کردووە.