تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان لە حەفتەکانی ڕابردوودا، لانیکەم ١٤ قوتابی، لەوانە ٦ کچ و ٨ کوڕ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئەماکنی ئەم شارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کیمیا عەلیمورادی، سەندس یەعقووبی، هێرۆ نووری، ئێلینا ڕەنجبەر، ڕەها سەبووری، سارا کەرەمی و سۆران عەزیزی بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٣ قوتابیی تر بە ناوەکانی محەممەد محەممەدزاد، ئیمان کاکەخانی و ئامانج قاسمی گوازراونەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشان.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی قوتابییە کچەکان بۆ چەندین کاتژمێر لە ئیدارەی ئەماکن دەستبەسەر بوون و پاشان هەموویان بە کەفالەت و بارمتە ئازاد کراون.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای گواستنەوەی قوتابییە کوڕەکان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئەماکن، بۆ ماوەی نزیک بە ٦ کاتژمێر لەم دەستبەسەرگەیە ڕاگیراون و دوای لێدان و بێڕێزیکردن ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشان کراون.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد کە ژمارەی قوتابییانی دەستبەسەرکراوی جوانڕۆ زیاتر لە ١٤ منداڵ بووە، بەڵام لەبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەی ئەو منداڵانە تا ئێستە زانیارییەکی تەواو لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.