منداڵێکی ١٧ ساڵان بە ناوی موبین فەیزی کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێراندا بە هۆی پێکرانی ڕاستەوخۆی سەری بە گوللەی ساچمەیی بە قورسی بریندار ببوو، دوای دووجار نەشتەرگەری ئەگەرچی لە مردن ڕزگاری بووە بەڵام توانای جووڵەی دەست و پێیەکی نەماوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبر) و لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێراندا، هێزەکانی سپای پاسداران لە یەکێک لە کۆڵانەکانی نزیک شەقامی ١٢ مەتریی ئەم شارە و لە کاتی هەوڵداندا بۆ دەستبەسەرکردنی موبین فەیزی، بە چەکی ساچمەزەن تەقەیان لە سەری کردووە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شەوەی کامێران بڵاو کراوەتەوە، دەبینرێت کە منداڵێک لە سەریەوە بە گوللەی ساچمەیی پێکراوە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان خەریکن دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.

دوای گواستنەوەی ئەم منداڵە بۆ نەخۆشخانەی سینای کامێران، ناوبراو بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە بە شێوەی ئۆرژانسی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کرا. دوای ئەوەی پزیشکەکان لێکۆڵینەوەیان لە دۆخی ئەم منداڵە کرد، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی کوشتن چەکیان ناوەتە سەر سەری و تەقەیان لێ کردووە. بە وتەی پزیشکەکان، بە هۆی بەرگریکردنی ئەم منداڵەوە لە کاتی دەسڕێژەکەدا نزیکەی ٤ ساچمە بەر سەری کەوتووە و کاسەی سەری لە لای چەپەوە شکاوە.

موبین فەیزی بۆ ماوەی دوو حەفتە لە نەخۆشخانە خەوێنرا و دوای دووجار  نەشتەرگەری لە مردن ڕزگاری بوو. بەڵام لەبەر زەبرکەوتن لە کۆئەندامی دەمارەکانی، دەستی راستی سڕ بووە و جووڵەی قاچی ڕاستیشی زۆر کەم بووەتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە تا ئێستا تەنها لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا ١٢ منداڵ بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون. ژمارەیەکی زۆر لەم بریندارانە تووشی زەبری قەرەبوونەکراوەی جەستەیی بوون.