بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا منداڵێکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلام بە ناوی سونیا شەریفی کە ئێستە لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئیلامدایە، تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

سونیا شەریفی، منداڵی ١٧ ساڵان و قوتابیی پۆلی دووهەمی دواناوەندی، لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزاندا (١٨ی نۆڤامبر) لە ماڵی داپیرەی لە ئاودانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. دەوترێت هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی لێیان داوە و پاشان گواستوویانەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئیلام.

لێپرسەوە ئەمنییەکان سونیایان ناچار کردووە ددان بە دروستکردنی کۆکتل مۆلۆتۆف و دروشمنووسیندا بنێت.

دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئاودانان و ئیلام لەسەر دۆخی دۆسیەکەی ئەم منداڵە وەڵامێکی دروست بە بنەماڵەکەی نادەنەوە و بە درێژایی ئەم ماوەیەش ڕێگرییان کردووە لە دیاریکردنی پارێزەر و ڕایانگەیاندووە کە منداڵەکەیان تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەرە.