بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوەز (١٥ی دێسامبر) سونیا شەریفی، منداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئیلام ئازاد کراوە.

چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئاودانان بە هەڵپەڕکێ و سەماوە لە دەروازەی شاری ئاوداناندا پێشوازییان لە سونیا کرد.

سونیا شەریفی، منداڵی ١٧ ساڵان و قوتابیی پۆلی دووهەمی دواناوەندی، لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزاندا (١٨ی نۆڤامبر) لە ماڵی داپیرەی لە ئاودانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. دەوترێت هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی لێیان داوە و پاشان گواستوویانەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئیلام.

لێپرسەوە ئەمنییەکان سونیایان ناچار کردووە ددان بە دروستکردنی کۆکتل مۆلۆتۆف و دروشمنووسیندا بنێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئاودانان و ئیلام ڕێگرییان کردبوو لە دیاریکردنی پارێزەر بۆ دۆسیەکەی و ڕایانگەیاندبوو کە ناوبراو تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەرە.