خوێندەڤانێکی ١٥ ساڵانی خەڵکی شاری سەراوڵەی پارێزگای ئیلام بە ناوی ئەرەشک قەیسەربەیگی کە ڕۆژی ٨ ی پووشپەڕ (٢٩ی ژوەن) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە. هەروەها داواکاری گشتیی ئەم شارە بە بنەماڵەی ئەم منداڵە دەستبەسەرکراوەی ڕاگەیاندووە تا کاتێک برا گەورەکەی، ئەرشیا قەیسەربەیگی، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات منداڵەکەی تریان هەر دەستبەسەر دەبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم قوتابییە دەستبەسەرکراوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی پێنجشەممە ٨ ی پووشپەڕ (٢٩ی ژوەن) ئەم خوێندەڤانەی پۆلی سێی دواناوەندی بانگهێشتی بەردەم دادگای سەراوڵە کرا و دوای ئەوەی لەگەڵ باوکیدا سەردانی دادگای کرد، یەکسەر بە دەستووری داواکاری گشتی دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئیلام».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «ئەم منداڵە دەستبەسەرکراوە بە ڕۆژ دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و شەوانە دەبرێتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت. هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی منداڵە ١٧ ساڵەکەی تری ئەم بنەماڵەیە، ئەرشیا قەیسەربەیگی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبووە نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن».

ئەرەشک قەیسەربەیگی ساڵی ڕابردوو چەندین جار بە تەلەفۆن لە لایەن ئیتلاعاتی پۆلیسی هێزی ئینتیزامیی سەراوڵەوە بانگهێشت کرابوو. هەروەها ئەرشیا قەیسەربەیگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە کاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەراوڵە دەستبەسەر و دوای ١٠ ڕۆژ لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «ڕۆژی ڕابردوو ئەرەشک قەیسەربەیگی لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لێپرسەوە ئەمنییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ بە قورسی ئەشکەنجەیان داوە».

لە یەک مانگی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە بیانووی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی دەست پێ کردووە و چەند حەفتە لەمەوپێش لانیکەم ٦ هاووڵاتی و لەوانە مێهرداد قەیسەربەیگیی مامەی ئەم منداڵەیان دەستبەسەر کردووە.

لەم ٦ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە، نەوید محەممەدنژاد (وەرزشکار)، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند و یوونس گەراوەند بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە هێشتا لە دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلامدان و محەممەد تەهماسبی (مامۆستای قوتابخانە) و حامید ڕەحمانییش چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بە بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.