فەرهاد نەوایی، خوێندەڤانی شازدە ساڵانی خەڵکی گوندی «ترشکان»ی شاری مەهاباد کە هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە لە گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا (نۆڤامبری ٢٠٢٢) دەستبەسەریان کردبوو، لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی مەهابادەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ئەم دادگایە هەروەها تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەر لابردووە.

هەواڵنێریی میزان، هەواڵنێریی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە سەپاندنی ئەم حوکمە بەسەر فەرهاد نەواییدا، نووسیویەتی: «لقی لێپرسینەوەی مەهاباد دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی سەر ئەم تۆمەتبارە، بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران» و «موحارەبە» لە ڕێگای چەتەیی و تێکدانی ئاسایشی خەڵک و داخستنی ڕێگاکان بە شێوەی چەکداری، بڕیاری دادگاییکردنی بۆ دەرکرد و دوای ڕەزامەندیی داواکاری گشتی و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی، دۆسیەکە ڕادەستی بەردەم دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگا لە مەهەباد کرا».

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە مەهاباددا تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەر ئەم منداڵە خوێندەڤانە لابردووە، بەڵام لەمەڕ تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران» سزای دوو ساڵ بەندکرانی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربیەتدا بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەوە بەسەردا سەپاندووە.

ئەم ماڵپەڕە فەرمییەی دەزگای دادوەری سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەم خوێندەڤانە ١٦ ساڵەیە نووسیویەتی: «ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو (١٦ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) پۆلیسی مەهاباد گومان لە دوو مێرمنداڵی مۆتۆرسوار دەکەن و دوای پشکنینی مۆبایلەکانیان گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەدۆزنەوە کە نیشان دەدات ئەم مێرمنداڵانە بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبیل ڕێگای مەهاباد بۆ میاندواویان داخستووە و بە قەمەیەکەوە خۆیان نواندووە و لە ڕێگای تۆمارکردنی ئەم دیمەنانەوە ویستوویانە پاڵ بە هاوڕێکانیانەوە بنێن لە ئاژاوەکاندا بەشداری بکەن، هەر بۆیە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بابەتەکە، دۆسیەکە ڕادەستی بەردەم لقی لێپرسینەوەی دادسەرای مەهاباد کرابوو».

فەرهاد نەوایی ئێستا لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێدایە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیاریکردنی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش کراوە.

کاناڵی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم خوێندەڤانە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و لەژێر گوشاردا ناچار کراوە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.