ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە جادەی سنە بۆ مەریواندا دەسڕێژیان کردووە لە ئۆتۆمبیلی پووریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو و دوای وەستاندنی ئۆتۆمبیلەکە، ئەم هاووڵاتییە و هاوسەرەکەی، سەحەر ئەحمەدی و بەرزین ئەحمەدی، منداڵە کەمتەمەنەکەیان، دەستبەسەر کردووە. پووریا ئەحمەدی و سەحەر ئەحمەدی لە کاتی دەستبەسەرکراندا کەوتوونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە جادەی سنە بۆ مەریواندا بۆسەیەکیان داناوە و دەسڕێژیان کردووە لە ئۆتۆمبیلیەکەی پووریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، کە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دەیانویست سەفەری مەریوان بکەن. دوای وەستاندنی ئۆتۆمبیلەکە، هێزە ئەمنییەکان پەلاماری پووریا و سەحەر ئەحمەدییان داوە و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، خۆیان و منداڵە کەمتەمەنەکەیان، بەرزین ئەحمەدی، دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

دوای ڕۆژێک بنەماڵەی پووریا ئەحمەدی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون و منداڵەکەیان پێ دراوەتەوە. بەپێی ئەو وێنانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئاسەواری برینداربوون لەسەر جەستەی ئەم منداڵە کەمتەمەنە دیارە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ (٢ی ئاگۆست) هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و وێرای گەڕان و پشکنینی ماڵەکە، دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵێ کەلوپەلی کەسیی ئەواندا.

تا ئێستا لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ئەم دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

پووریا ئەحمەدی، بەرپرسی پێشووی بەشی فێرکاریی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەیی، لە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا (٢٠ی فێبرییەی ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ١٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەییە جارێکی تر لە ٢١ی گوڵانی ١٣٩٨دا (١١ی مەیی ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.