بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٦ی جولای) بە شێوەی فەرمی بەم چالاکە کرێکاریی ڕاگەیەنراوە.

دادگای ناوبراو لە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕدا (٢٧ی ژوەن) بە دوو تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لەسەر ڕێبوار عەبدوڵڵاهی لاچووە.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەدا (٩ی مارس) بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.