بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد، کە لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەنداندا (٨ی فێبرییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەرە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە دوای حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها دوو جار توانیویەتی بە کورتی لەڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە بکات کە لەو پێوەندییانەدا ڕایگەیاندووە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی یەک مانگەی بۆ دەر کراوە.

عوسمان ئیسماعیلی لە ناسراوترین چالاکانی کرێکارییە کە چەندین جار بە هۆی پشتیوانکردنەوە لە مافەکانی کرێکاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.