ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاریی کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا. هەروەها لەسەر چارەنووسی سدیق ڕێحانی، چالاکیی کرێکاریی کورد کە ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) چالاکی کرێکاری ڕێبوار عەبدوڵڵاهی لە ساتی بەجێهێشتنی ماڵ و چوونەدەرەوەدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها لەسەر چارەنووسی سدیق ڕێحانی، چالاکیی کرێکاریی کورد کە ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) لە چوارچێوەی سیناریۆیەکی پلان بۆ داڕێژراودا و بە بیانووی هەبوونی شکاتکاری تایبەت، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامییەوە دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

دەوترێت دوای ئەوەی بنەماڵەکەی بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ ئەم چالاکە کرێکارییە سەردانی زیندانی ناوەندیی سنەیان کردووە پێیان ڕاگەیەنراوە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە سدیق ڕێحانییان لە زیندان وەرگرتووە و گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو دەزگا ئەمنییە.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم دوو چالاکە کرێکارییە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.