سێ چالاکی کرێکاریی کورد بە ناوەکانی شادمان عەبدی، کەمال کەریمی و خەبات مەحموودی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە گشتی سزای ٥ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم سێ چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لقی یەکەمی داگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە ڕێوە چووە و حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ئەو حوکمە، کەمال کەریمی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٩ مانگ بەندکران، شادمان عەبدی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» و «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ئێران» سزای ٣ ساڵ بەندکران و خەبات مەحموودی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» سزای ساڵ و نیوێک بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

سزاکەی کەمال کەریمی و خەبات مەحموودی بۆ ماوەی ٢ ساڵ و سزاکەی شادمان عەبدییش بۆ ماوەی ٢ ساڵ و نیو هەڵپەسێردراوە.

ئەم سێ چالاکە کرێکارییە لەگەڵ پێنج چالاکی کرێکاریی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، حەیبەڵڵا کەریمی، عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پیشکاری و سیروان مەحموودی لە ڕێکەوتی ٢٧ی گوڵاندا (١٧ی مەی) دوای دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

خەبات مەحموودی، کەمال کەریمی و شادمان عەبدی بە ڕیز لە ڕۆژانی ٩، ١٠ و ١٦ی جۆزەرداندا (٣٠ و ٣١ی مەی و ٦ی ژوەن) بە بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کران.