لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی خۆکوشتنی ژنەترەنسێکی* کورد لە شاری مەریوان بە ناوی «هەنار» لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە. ئێکاونتی ئینستاگرامیی «پەلکەزێڕینە» کە لەم ساڵانەی دواییدا لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵگای کۆییر** بە زمانی کوردی چالاک بووە، لە یەکەم سەرچاوەکانی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە بوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنار کە ٢٠ ساڵی تەمەن بوو، دەمەوبەیانی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری مەریوانی پارێزگای کوردستان دەستی دایە خۆکوشتن و گیانی لەدەست دا.

جەبار دەستباز، ڕۆژنامەوان لە سنە، سەبارەت بە هۆکاری خۆکوشتنی هەنار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هەنار ماوەیەکی زۆر بوو بە هۆی گوشاری کۆمەڵایەتییەوە تووشی بێهیوایی و خەمۆکی ببوو و گەشتبووە ئەو باوەڕەی کە درێژەدان بە ژیان لە کۆمەڵگایەکدا کە دان بە شوناسیدا نانرێت نامومکینە. ئەو تەنانەت چەند ڕۆژ پێش خۆکوشتنەکەی باسی ئەم بێهیوایی و بێدەسەڵاتییەی بۆ هاوڕێ نزیکەکانی کردبوو».

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە درێژەدا دەڵێت: «هەنار وەکوو زۆربەی کەسە ترەنسەکانی تر کە لە شارە بچووکەکان لەژێر دەسەڵاتی دابونەریتە سوننەتییەکاندا ژیان دەکەن، ناچار بووە شوناسی خۆی تەنانەت لە بنەماڵەکەیشی بشارێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەمەیش بە هۆی شێوەدەربڕینە ڕەگەزییەکەیەوە چەندەها جار لە ناوشاردا کەوتۆتە بەر ئازار و سووکایەتییەوە. هەر لەبەر ئەم گوشارە کۆمەڵایەتییانە تەنانەت نەیتوانی درێژە بە خوێندنی دواناوەندی بدات».

بە وتەی هاوڕێکانی هەنار، بە هۆی پێشزەمینەیەکی مەزهەبییەوە کە لە بنەماڵەوە وەری گرتبوو، تەنانەت ساڵی ڕابردوو جارێک چۆتە لای مامۆستایەکی ئایینیی بەرنوێژی مزگەوتێکی مەریوان و سەبارەت بە نەشتەرگەریی هاوتەریب کردنی جێندێر بو کەسانی ترەنس پرسیاری لێ کردبوو کە ئەو کەسەیش بە کۆمەڵێک زانیاریی هەڵەی شەرعی و یاسایی، بە هەناری وتبوو ئاوا کارێک ڕەوا نییە و نابێ بیکات.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هاوڕێکانی هەنار لە کۆمەڵگای ترەنس و کۆییرەکانی مەریوان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک وێنە و پۆست ناڕەحەتی و پەژارەی خۆیان لە ئاست مەرگی هاوڕێکەیاندا دەر بڕیوە. هەروەها چەند ڤیدیۆیەک لە ئازیەتباریی هاوڕێیانی هەنار لەسەر گۆڕەکەی بڵاو کراوەتەوە.

جەبار دەستباز سەبارەت بە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی هەنار دەڵێت: «ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن بە شێوەی بنەماڵەیی بەڕێوە چووە و هیچ ئاماژەیەک بە شوناسی جێندێری هەنار و هۆکاری خۆکوشتنەکەی نەکراوە. بەڵام هەمان ڕۆژ هاوڕێکانی کە زۆربەیان ترەنس و کۆییر بوون، چوونەتە سەر گۆڕەکەی و یادیان بەرز ڕاگرتووە».

هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆکوشتنی هەناردا، کەسێک کە خۆی وەک ئەندامی بنەماڵەی هەنار ناساندووە (ئەم کەسە ناوی «ڕێبوار»ی بۆ هەنار بەکار هێناوە کە لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی باری کەسێتیدا وەک ناوی هەنار تۆمار کراوە، بەڵام خۆی و هاوڕێکانی ناوی هەنار و «ڕەهیار»یان بەکار هێناوە) لە ئێکاونتەکەی خۆیدا لە ئینستاگرام بەبێ ئاماژەدان بە شوناسە جێندێرییەکەی، هۆکاری مردنی هەناری گەڕاندۆتەوە بۆ وەستانی دڵ نەک خۆکوشتن. بەڵام لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە، دەیسەلمێنێت کە هەنار بە ڕێگای خۆکوشتندا گیانی لەدەست داوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتنی هەنار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جارێکی تر بووە هۆی ورووژاندنی سووکەئاوڕدانەوەیەک لە کێشەکانی کۆمەڵگای ترەنس لە کوردستان و ئێراندا. ئەو کێشانەی سەرەڕای بەربڵاوبوون و قووڵبوونیان نەتەنها تا ئێستە دەرفەتی ئاوڕلێدانەوەی جیدی و بەربڵاویان پەیدا نەکردووە، بەڵکوو تەنانەت لە کاتی ڕووداوی دڵتەزێنی وەک خۆکوشتنی هەناریشدا نابنە بابەتی باسوخواسێکی جیدی لە نێو چالاکان و ڕاگەیاندنە کوردییەکاندا.

فاتمە کەریمی، چالاکوان و توێژەری بواری ژنان و بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە هۆکاری ئاوڕنەدانەوەی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕاگەیاندنە کوردییەکان لە پرسەکانی کۆمەڵگای کۆییر و بەتایبەت کەسانی ترەنس، دەڵێت: «بە پێچەوانەی توندوتیژیی دژی ژنان کە وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە لایەن زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگاوە قبووڵ کراوە، ئاوا تێڕوانینێک لە ئاست کۆمەڵگای کۆییر و بەتایبەت کەسانی ترەنس تەنانەت لە نێو چالاکانی مەدەنی، سیاسی و ڕاگەیاندنکاری کورددا نابینرێت و بە داخەوە بچووکترین هەستیاری لەم بارەیەوە نابینین. کوشتن یان خۆکوشتنی ئەم کەسانە و ئەو توندوتیژیە ڕۆژانەی لە ئاست ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایەدا ڕوو دەدات، نەتەنها پەرچەکردارێکی گونجاوی لێ ناکەوێتەوە بەڵکوو تەنانەت ئەوانەیش کە خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانن، لەگەڵ قبووڵکردنی جۆرە سێکسییەکان و شوناسە جێندێرییە فرەڕەنگەکاندا و شێوەژیانی کەسانی دەرەوەی کڵێشەی ئەوڕەگەزتەوەرانەی پشتبەستوو بە دووانەی ژن و پیاو، کێشەیان هەیە. نەبوونی پەرچەکرداری ناڕەزاییانە لە ئاست کەسانی کۆییردا نیشانەیەکی ئاشکرایە لە نەبوونی هەستیاری و هۆشیاریی پێویست و هەروەها دژەکۆییربوون لە نێو بەشێکی گەورەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیدا».

ئەم چالاکوان و توێژەرە کوردە لە درێژەدا زیادی کرد: «ئەگەرچی جۆراوجۆریی مەیلە سێکسییەکان و شوناسە جێندێرییەکان لە کۆمەڵگای مرۆییدا هەمیشە هەبووە، بەڵام ئەو سەرکوتکردنە سیستماتیک و هەمەلایەنەی لە لایەن دامەزراوەکانی وەک ئایین، حکوومەت، بنەماڵە و…ـەوە بەسەر ئەم کەسانەدا سەپاوە، بۆتە لەمپەرێک لە بەردەم بینینی کۆمەڵگای کۆییر و شێوەژیانەکەیاندا و زۆربەی کەسانی سەر بەم گرووپە لە ئەنجامی ئەم گوشارانەدا ناچار دەبن شوناسی خۆیان بشارنەوە. نەبوونی فێرکاری و ناسینی پێویست و گونجاو لەسەر پرسی سێکشواڵیتە، بەتابۆبوونی قسەکردن لەم بوارەدا و بوونی کڵێشەی نادروست سەبارەت بە کەسانی کۆییر، هۆکاری سەرەکیی گوشار و توندوتیژیی دژ بەم کەسانەیە. بۆ وێنە ئەگەر لە پرسی توندوتیژیی دژی ژناندا ڕاڤەی ئایینیی جیاواز بۆ تەڵاق یان فرەهاوسەری هەیە و بەشێک لە کەسانی مەزهەبی تێڕوانینی میانەڕەوانەتریان بۆ ئەم بابەتانە هەیە، بەڵام لە ڕەتکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی، دووڕەگەزخوازی و…دا بە زۆری هیچ جۆرە شک و گومانێک لە لایەن ئەم کەسانە و گرووپە جۆربەجۆرە مەزهەبییەکانەوە نابینرێت. ئاوا لێکدانەوەیەک لە یاسا دژەکۆییرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە ڕوونی دیارە».

بە وتەی فاتمە کەریمی، دژایەتیکردن لەگەڵ مافی ژیانی ئازاد و یەکسانی کەسانی کۆییر و بەتایبەت کەسانی ترەنس لە دامەزراوە کۆنسەرڤاتیستەکاندا کورت هەڵنایەت و تەنانەت کەسانی خوێنەوار و بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ڕاگەیاندنکاریش مەیلی سێکسی و شوناس و دەربڕینی جێندێری ئەم کەسانە بە «ناسروشتی» یان «نەخۆشانە» دەزانن: «چونکوو لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەم جۆرە شوناسانە مادام لەگەڵ دووانەی ژن-پیاودا تەبا نەیەتەوە -دووانەیەک کە وەک تاکەنۆرمی زاڵی کۆمەڵگا ناسراوە- وەرناگیرێت یان لە باشترین حاڵەتدا قووت نادرێت. ئەم بەشە لە چالاکان ڕەنگە بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای کۆییردا ڕانەگەیەنن بەڵام بە بێدەنگبوونیان لە بەرانبەر توندوتیژیی ڕۆژانە، خۆکوشتن و کوشتنی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە، سیکلی توندوتیژیی دژ بەوان تەواو دەکات. لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئەو بەشە لە کەسانی کۆییر کە سەرەڕای بەرکورتکردنەوە و لەمپەری فراوان بە قبووڵکردنی شوناسەکە، خۆیان ئاشکرا دەکەن یان لە ڕێگای دەربڕینی جێندێرییانەوە دەکەونە بەردەم ئاشکرابوون، ڕووبەڕووی تێچوویەکی قورس دەبنەوە».

شوناسدۆزینەوە و خۆئاشکراکردن بۆ کەسانی کۆییر قۆناغێکی گرنگە لە ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتییاندا، گەیشتن بەم قۆناغە لە وڵاتێکی وەک ئێران و گەلێ کۆمەڵگای تری وەک کوردستاندا، لەبەر بەتاوانزانین، بەنەخۆشیزانین، نەبوونی یاسای پاڵپشتیکار بۆ کەسانی کۆییر و هەروەها تێگەیشتن و میکانیزمە سوننەتییەکان و کولتووری دژەکۆییر لە کۆمەڵگا و بنەماڵەدا، ڕەوتێکی دژوار و پڕمەترسییە. پرۆسەی شوناسدۆزینەوە و خۆئاشکراکردن بۆ کەسانێک کە جیا لە کۆییربوون ئەزموونی ژیانکردن وەک ئەندامی گرووپێکی پەراوێزخراو و بەکەمایەتیکراوی نەتەوەیی یان مەزهەبیی دیکەیان هەیە، دەشێت هەڵگری ئاڵۆزی و مەترسیی زیاتریش بێت. هەروەها خاوەن پێداویستیی تایبەتبوون، پێگەی چینایەتی و ئابووری یان ژیانکردن لە شار و گوندی بچووکتردا دەشێت دەرفەتی بەدەستهێنانی سەرچاوەی فێرکاری و دروستکردنی فەزایەکی ئەمن و ئاسوودەی ڕێژەیی بۆ کەسانی کۆییر و ڕەوتی شوناسدۆزینەوە و خۆئاشکراکردنیان دژوارتر بکاتەوە. «ئینتێرسێکشناڵیتی» بە واتای تێکئاڵانی دۆخە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ڕێگای گوتارە فێمێنیستی و کۆییرەکانەوە چۆتە ناو بەستێنی مافەکانی مرۆڤیشەوە، جەختکردنە لەسەر خودی ئەم لێکدیکەوتنەی ستەم و هەڵاواردنی دووقات کە دەبێ لە شیکاری و لێکدانەوەی دۆخە جۆراوجۆرەکانی تاکەکان و کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکاندا لە بەرچاو بگیرێت.

ئەو هەڵاواردن و توندوتیژییانەی لە ڕێی حکوومەت، کۆمەڵگا و بنەماڵەوە بەسەر کۆمەڵگای کۆییردا دەسەپێت، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەراوێزخستن و تەریککەوتنی ئەم کەسانە. پەراوێزخستن و تەریککەوتنێک کە دەتوانێت دڵساردی و خەمۆکیی ئەم کەسانەی بەدواوە بێت و لە هەندێ حاڵەتدا تەنانەت دەشێت بڕیاری خۆکوشتنی لێ بکەوێتەوە. جیا لەمە، توندوتیژینواندن و کوشتنی کەسانی کۆییر بە دەستی ئەندامانی بنەماڵە بابەتێکە کە هەرچەند لە میدیاکاندا ئاوڕی لێ نادرێتەوە و لەبەر شاردنەوەی لە لایەن بنەماڵەوە ئامارێکی ورد یان تەنانەت ڕێژەییشی لێ نییە، بەڵام وەک مەترسییەکی جیدی کە هەڕەشەیەکە لەسەر ژیانی کەسانی کۆییر، لە لایەن چالاکانی ئەم بوارەوە بەردەوام دەکرێتە ڕۆژەڤ و بێدەنگبوونی چالاکان و ڕاگەیاندنەکان دەخرێتە بەر ڕەخنەوە.

پشکۆ زەندی، چالاکی کۆییری کورد و بەرپرسی لاپەڕەی ئینستاگرامیی «پەلکەزێڕینە»، بە ئاماژەدان بە کاریگەرییەکانی خۆکوشتنی هەنار لەسەر کۆمەڵگای ترەنس و کۆییری کوردستان و ڕەخنەگرتن لە بێدەنگبوون یان شێوازی نواندنەوەی بابەتی مەیلی سێکسی و شوناسی جێندێری لە ڕاگەیاندنە کوردییەکاندا، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت: «بێگومان هەواڵی خۆکوشتن یان هەر هەواڵێکی تر کە بە جۆرێک لە جۆرەکان نیشاندەری هەڵاواردن و توندوتیژی دژ بە کەسانی کۆییرە، ئەویش لە کۆمەڵگایەکی داخراوی وەک کوردستاندا، دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنیی ڕاستەوخۆ لەسەر مۆراڵ و ژیانی ئەندامانی تری کۆمەڵگای کەمایەتییە سێکسی و ڕەگەزییەکان دابنێت. لە هەلومەرجێکدا کە بنەماڵە، کۆمەڵگا و حکوومەت هەرهەموویان دژ بە مافی ژیانی یەکسانی کەسانی کۆییر دەجووڵنەوە و ڕێگای خوێندن، کارکردن، ئەڤینداری، پێوەندیی سێکسی و بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە ئەستەم و لە هەندێ حاڵەتدا نامومکین دەبێتەوە، دەتوانین بڵێین هەرهەموویان هاودەستی بکوژانی کەسانی کۆییر و هۆکاری سەرەکیی خۆکوشتنیانن».

ئەم چالاکە کۆییرە کوردە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هۆشیارکردنەوەی بنەماڵەکان دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر کێشەکانی کەسانی کۆییر چارەسەر بکات، چونکوو ئەگەر کەسە نزیکەکانیان پشتیوانیان بن و فەزایەکی ئەمنی ڕێژەییان بۆ فەراهەم بکرێت، بێگومان ئاماری خۆکوشتن و کوشتنیان کەمتر دەبێتەوە و هیوداربوونیان بە ژیان و هەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسانیش زیاتر دەبێتەوە: «لە هەلومەرجی هەنووکەی کوردستاندا زیاتر لە هەر شتێکی تر پێویستمان بە ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەیە. ئەرکی ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان دیارە و نایەنە ناو ئەم بوارەوە، بەڵام بە داخەوە ڕاگەیاندنە کوردییەکانیش خۆیان لەم بابەتە بێدەنگ کردووە یان ئەگەر بابەتێکیش لەسەر کەسانی کۆییر بەرهەم بهێنن، زیاتر بە ئاڕاستەی ڕووخاندن و بە نانۆرماڵ پێناسەکردنی مەیلە سێکسییەکان و شوناسە جێندێرییەکانی ئەم کەسانەدایە و ئەمەش خۆی لەباتیی کولتوورسازی دەبێتە هۆی دروستبوونی مێنتاڵیتییەکی نەرێنی لە ئاست کۆییرەکان لە ناو کۆمەڵگادا».

لە یاسای سزادانی ئیسلامیی ئێراندا پێوەندیی دوو هاوڕەگەز بە تاوان پێناسە کراوە و سزای قامچی، بەندکران و تەنانەت لەسێدارەدانی بۆ دانراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کەسانی کۆییر وەک «نەخۆش» و «دەروونشێواو» لە قەڵەم دەدات. هەرچەند ئیمکانی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی «ترەنزەیشن» و نەشتەرگەریی هاوتەریب کردنی جێندێر لە ئێراندا هەیە، بەڵام ڕەوتی وەرگرتنی مۆڵەت و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بە تایبەت بۆ کەسانێک کە پشتیوانیی بنەماڵە و توانای ئابوورییان نییە، گەلێ ئاڵۆز و گران و پڕتێچووە.

بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی هۆرمۆنتراپی، نەشتەرگەری و گۆڕینی بەڵگەنامەی باری کەسێتی، لە ئێران و بەتایبەت لە شارە بچووکەکاندا پرۆسەیەکە لێوانلێو لە بەربەستی پێکهاتەیی کە زۆربەی کات بەبێ ڕاوێژ یان پشتگیریی پێویست هەوڵی بۆ دەدرێت. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسانی ترەنس ناچارن هەندێ نەشتەرگەریی ناپێویستی پزیشکی ئەنجام بدەن تاکوو لەڕووی یاساییەوە وەک ژن یان پیاو لە قەڵەم بدرێن. سەبارەت بە هەڵسوکەوتی سووکایەتیئامێز لەگەڵ کەسانی ترەنسدا لە کاتی سەردانکردنی دامودەزگا دەوڵەتی، دادوەری و پزیشکییەکاندا، گەلێ ڕاپۆرت بڵاو کراوەتەوە. جیا لەمە، دژەترەنسێتیی ناو یاساکان و کۆمەڵگا، درێژەدان بە خوێندن، دۆزینەوەی هەلی کار یان بەکرێگرتنی ماڵ بۆ کەسانی ترەنس زۆر دژوار و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نامومکین دەکاتەوە.

جەبار دەستباز سەبارەت بە بارودۆخ و کێشەکانی کۆمەڵگای ترەنس لە کوردستاندا دەڵێت: «جیا لە کێشە یاسایی/حکوومەتییەکان و بنەماڵەیی/کۆمەڵایەتییەکان کە هۆکاری سەرەکیی سەرکوتکردن، توندوتیژی و خستنەپەراوێزی کەسانی ترەنسە، کێشە ئابوورییەکان دەورێکی زۆر گرنگیان لە دۆخی ژیانی ئەواندا هەیە. کاتێک کەسێکی ترەنس نەتەنها لە لایەن یاساوە پشتیوانیی جیدیی لێ ناکرێت بەڵکوو لەبەر شوناسی جێندێری، مەیلی سێکسی، دەربڕینی جێندێری و جۆری جلوبەرگی بە شێوەی ڕۆژانە لە بەردەم سەرکوتکردنی حکوومەتیدایە؛ کاتێک لە لایەن بنەماڵەوە قبووڵ ناکرێت و تەنانەت پەراوێز دەخرێت و لە ناو کۆمەڵگا و فەزا گشتییەکانیشدا بەردەوام بەرەوڕووی ئازاری کەلامی و فیزیکی دەبێتەوە، بە کردەوە هیچ ئیمکانێک بۆ بەهرەمەندبوون لە دەرفەتی خوێندن و هەلی کارکردنی بۆ نامێنێتەوە».

بە وتەی ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە، کۆی ئەم بارودۆخانە لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان، کە لە ڕیزی ناوچەگەلی پەرەنەسەندووی ئابووریدایە و ڕێژەیەکی بەرزی بێکاریی هەیە، کەسانی ترەنس دەخاتە دۆخێکی بندەستانەی ئابوورییەوە و ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی ترەنسەکان ڕووبەڕووی مەترسی و زەبری زیاتر ببنەوە: «بەشێکی زۆری کەسانی ترەنس بەبێ پاڵپشتی ئابووری و لەژێر کاریگەریی گوشارە کۆمەڵایەتییەکاندا ناچار دەبن لە شارە بچووکەکانەوە بۆ شارە گەورەترەکان و تاران کۆچ بکەن. ئەگەرچی لەوێ تا ڕادەیەک گوشاری بنەماڵە و ناسراوەکانیان لەسەر کەم دەبێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنانەت لەوێیش بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و داهاتی گونجاو بۆ درێژەدان بە ژیان، بەرەوڕووی کێشە و بەربەستی جیدی دەبنەوە».

مەرگی هەنار، ژنەترەنسی کورد لە مەریوان، تەنها یەک لەو حاڵەتانەی خۆکوشتنی کەسانی ترەنس و کۆییرە لە کوردستاندا کە هەواڵەکەی لە ڕێی هاوڕێکانیەوە بڵاو کرایەوە. سالار خەڵکی دیواندەرە، شێرڤین و سامی خەڵکی کرماشان، ئازاد خەڵکی پیرانشار، دۆسکی خەڵکی دهۆک و بە سەدان ناوی تر لە یادەوەریی کۆیی کۆمەڵگای کۆییری کورددا وەک قوربانییانی کۆییرکوژی و خۆکوژی تۆمار کراوە. ناوەکان و چیرۆکەکانی ژیان و مەرگی مرۆڤگەلێک کە هەرچەند بە گشتی لە تریبۆنە میدیایی و سیاسییەکانەوە نەبیسراون، بەڵام شایەتحاڵەکانی ئەم ڕەنج و ئازارانە و میراتگرانی ئەم شین و ئازیەتییانە تا ساتەوەختی تۆمارکردنیان لە مێژووی کۆییری کوردستاندا، بەر بە لەبیرکردنیان دەگرن.

ژێدەر:

* ترەنس کەسێکە کە شوناسی جێندێری خۆی بە جیاواز لەو جێندێرە دەزانێت کە لە دەسپێکی لەدایکبوونیدا بە هۆی کۆئەندامی ڕەگەزیی ناسراو بە پیاوانە یان ژنانەوە لەسەری دانراوە. کەسی ترەنس دەتوانێت خۆی بە ژن، پیاو یان نان‌باینەری (بەبێ جێندێری دووانە) پێناسە بکات. بۆ بەفەرمیناسینی شوناسی جێندێریی کەسانی ترەنس دەبێ هەرتەنها پشت بە دەربڕین و قسەی خۆیان ببەستین و نابێ نەشتەرگەریی نەشتەرگەریی هاوتەریب کردنی جێندێر بکەینە پێوەری دیاریکردنی جێندێری کەسەکان.

** دەستەواژەی کۆییر بە هۆی گشتگیربوونیەوە لەمڕۆدا هاوتای +LGBTI ـە و وەک دەستەواژەیەکی چەترئاسا و گشتگیر بۆ کەسانێک بەکار دەبرێت کە مەیلە سێکسییەکەیان ئەوڕەگەزخوازی یان شوناسە جێندێرییەکەیان لە دووانە پێناسەکراوەکانی پیاو و ژندا کورت نابێتەوە. لەوانە کەسانی ترەنس، ئینتێر، هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، هەمووڕەگەزخواز، تێکەڵینەخواز، نان‌باینەری و…

١. ئەگەر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، لە ئێران لەگەڵ ئۆرژانسی کۆمەڵایەتیدا بە ژمارە تەلەفۆنی ١٢٣ پێوەندی بگرن و لە دەرفەتی ڕاوێژکردن و یارمەتیدانی پسپۆڕانە بەهرەمەند ببن.

٢. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کە بۆ گەشەدان بە پرەنسیب و بەهاکانی مافی مرۆڤ کار دەکات، بە پێداگرتن لەسەر مافی کەسانی کۆییر، بوونی یاسای هەڵاواردنکار و سەرکوتکردنی حکوومەتی و کەوتنەبەر توندوتیژیی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی بە نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت. ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین هەوڵ بدەین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کۆمەڵگای کۆییری کوردستان و ئێران و لە ڕێگای هاوکارانی پسپۆڕ و شارەزا بە پرس و بابەتەکانی سێکشواڵیتە و کۆمەڵگای کۆییر، ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژی ئانلاینی خۆڕایی بە هەموو کەس و بنەماڵەیەک لە کوردستانی ئێراندا.

تاگەکان: خۆکوشتن، ترەنس، کۆییر، مەریوان، هەنار