بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زەهرا سدیقیی هەمەدانی (سارە)، چالاکی کۆمەڵگەی ئێڵ‌جی‌بی‌تی‌ئەی و کۆییر، لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی ئیلهام چووبدار لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «افساد فی الارض» لە ڕێگای پەرەدانەوە بە هاوڕەگەزخوازی، حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەرمانان (١ی سێپتامبر) لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بەم دوو بەندکراوە ڕاگەیەنراوە.

بەپێی هەواڵێکی تر کە هێشتا تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نەیتوانیوە پشتڕاستی بکاتەوە، دوو هاووڵاتیی تریش بە ناوەکانی سوهەیلا ئەشرەفی و عەلیڕەزا فەرجادی کیا لەم دۆسیەیەدا و بە تۆمەتی «افساد فی الارض» لە ڕێگای پەرەدانەوە بە هاوڕەگەزخوازی و هەروەها «قاچاخکردنی ئینسان» حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. ئەم دوو زیندانییەیش ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان.

ئەم کەسانە کە هاوکات لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢١) لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران، دوای نزیکەی دوو مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا تۆمەتی «افساد فی الارض» لە ڕێگای پەرەدانەوە بە هاوڕەگەزخوازی، «قاچاخکردنی ئینسان»، «بانگەشەکردن بۆ مەسیحییەت» و «پێوەندیگرتن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی»یان ڕووبەڕوو کرایەوە.

«شەش ڕەنگ» (تۆڕی لێزبیەن و ترەنسجێندەرە ئێرانییەکان) پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی سارە (زەهرا سدیقیی هەمەدانی)ی لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) لە رێگای پەڕینەوەدا بۆ تورکیا بڵاو کردبۆوە.

هەواڵنێریی «تەسنیم»یش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەڵاڕێزاندا (٦ی نۆڤامبر) هەواڵی دەستبەسەرکردنی کەسانێکی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپی قاچاخکردنی کچان و پشتیوانیکردن لە هاوڕەگەزخوازی» لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بڵاو کردبۆوە. ئەم هەواڵنێرییە حکوومەتی-ئەمنییە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا (جولای ٢٠٢٢) بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و ڤیدیۆیەک دەستبەسەرکردنی زەهرا سدیقیی هەمەدانی، عەلیڕەزا فەرجادی کیا و…ی گەڕاندبۆوە بۆ کارکردنی ئەم کەسانە بە ئاڕاستەی «پەرەدان بە هاوڕەگەزخوازی، قومار، ساختەکاری، عەیبەسڕینەوە لە پێوەندیی سێکسیی ناشەرعی و بڵاوکردنەوەی لە دونیای مەجازیدا».

 ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کۆییرەکان وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم تۆمەتانە، دەستبەسەرکردنی سارەیان گەڕاندووەتەوە بۆ کار و چالاکییەکانی لە پێناوی بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵگای ئێڵ‌جی‌بی‌تی‌ئەی+ و لەم مانگانەی دواییدا لە ڕێگای دەرکردنی بەیاننامە و ڕێخستنی کامپەینەوە داوای ئازادکردنی ناوبراویان کردووە.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (فێبرییەی ٢٠٢٢) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بارودۆخی سارەدا و داواکاری بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراو، ڕایگەیاندبوو: «زەهرا سدیقیی هەمەدانی تەنها لەبەر مەیل و شوناسە جینسییە ڕاستەقینە یان گریمانکراوەکەی و هەروەها پۆست و قسەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەمەڕ بەرگریکردن لە کەسانی هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، سەرووڕەگەزێتی و نێوانڕەگەزێتی، بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە حاڵەتی دەستبەسەربووندایە».

سارە ٢٩ ساڵیەتی و لەدایکبووی شاری نەغەدەیە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. ناوبراو لەم ساڵانەی دواییدا لە هەرێمی کوردستان ژیاوە و کاری کردووە.