بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی گەلاوێژ (٢٠ی ئاگۆست) شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، بە دانانی بارمتەی قورسی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کراون.

هەروەها پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژدا (١٧ی ئاگۆست) ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی، وتەبێژی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، بە دانانی بارمتەی قورسی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کرابوو.

شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کران. شەعبان محەممەدی دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا بەڵام ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە سنە کران.

مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) بە دانانی کەفالەت لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا، بەڵام ڕۆژی دواتر سەرلەنوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەمەدییش بۆ دووهەم جار لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) دیسانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

ئەم سێ چالاکە پیشەییەی مامۆستایان دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی بەندێکی ئەمنیی زیندانی ئێڤینی تاران کران.

شەعبان محەممەدی لە کۆتایی پووشپەڕدا (ناوەڕاستی جولای) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی گشتی.