دوابەدوای بانگەوازی ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، ئەمڕۆ ١٦ی ڕەشەمە (٧ی مارس) بە مەبەستی بەرپەرچدانەوە و شەرمەزارکردنی هێرشی ڕێکخراو و پلانداڕێژراو بە گازی کیمیایی بۆ سەر خوێندنگاکان و ژەهراویکردنی قوتابییان، زنجیرەیەک گردبوونەوە لە بەردەم بینای ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شارەکانی کرماشان، سنە و سەقزدا بەڕێوە چوو.

لە گردبوونەوەی مامۆستایان و بنەماڵەی قوتابییان لە سنەدا هێزەکانی یەکەی تایبەت بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی ساچمە هێرشیان کردە سەر بەشداربووان کە لە ئەنجامدا لانیکەم دوو مامۆستا بریندار بوون. هەروەها مامۆستایەکی خەڵکی سنە بە ناوی بەهائەدین مەلێکی لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراون، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شەقامەکانی شارەکانی دیواندەرە و مەریواندا جێگیر کراون و کەشێکی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر ئەم شارانەدا کێشاوە.

هێرشی ڕێکخراو و پلانداڕێژراو بە گازی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان کە زۆربەیان خوێندنگای کچانەن، لە چەند مانگ لەمەوپێشەوە و لە شارە جیاوازەکاندا دەستی پێ کرد و لەم ڕۆژانەی دواییدا پەرەی سەندووە.

زۆربەی ناڕازییان کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی ئەو هێرشانە دەزانن.