بەگوێرەی زانیاییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “پەریسا سەیفی”، چالاکوانی کلتوری و هونەریی کورد لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەرەوە / ١١.١٢ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە سنە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە لەو بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی گوت: “پەریسا سەیفی پاش دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی شەهرام­فەری ئیتلاعاتی سپا گوازرایەوە. لە ئێساشدا ڕۆژانە لەو دەستبەسەرگەیەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەویشدا دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (کانون اصلاح و تربیت)ی سنە”.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو چالاکوانە کلتورییە تا ئێستا تەنیا جارێک لە ژێڕ چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە.

جێگەی ئاماژەیە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەرەڕای بەدوواداچوونەکانی بنەماڵەی سەیفی بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی سنە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەو هاوڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.