ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) خەدیجە مێهدیپوور، خەڵکی شاری ئەیوانی پارێزگای ئیلام و دانیشتووی تاران، لە وێستگەیەکی میترۆی ئەم شارەدا و لەبەر ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی، لە لایەن پۆلیسی ئیرشادەوە دەستبەسەر و دوای چەند کاتژمێر ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە کاتی چوونەدەرەوە لە وێستگەی میترۆی «نەبەرد»ی تاران بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی دڵخوازەوە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئیرشادەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێدان و ئەشکەنجەکردن ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی پۆلیسی ئەمنیەت کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای چەند کاتژمێر مانەوە لەو دەستبەسەرگەیەدا ئامادە نەبووە بەڵێننامەکەیان واژۆ بکات، هەر بۆیە پێش ئەوەی ئازاد بکرێت هەڕەشەی کردنەوەی دۆسیەی یاسایی لێ کراوە.

خەدیجە مێهدیپوور، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئیلام، ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و دوای ٢ ڕۆژ لێپرسینەوەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە، گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

ئەم چالاکە مەدەنییە دوای چەند حەفتەیەک لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر پەروانە، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان) سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە کۆتایی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (ناوەڕاستی فێبرییەی ٢٠٢٢) دوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتیی دەزگای دادوەری لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.

خەدیجە مێهدیپوور لە دۆسیەیەکی دیکە و لە جۆزەردانی ١٤٠٢دا (مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلامەوە بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» سزای ٣ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە کۆتایی گەلاوێژی هەمان ساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) بۆ جێبەجێکردنی سزاکە گوازرایەوە بۆ زیندانی ئیلام و دوای ٦٤ ڕۆژ ئازاد کرا.