تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٧، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دایە “زەینەب ئیسماعیلی” یەک لە ئەندامانی دایکانی ئاشتیی کوردستان و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەستبەسەریان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەو بابەتە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و گوتی: “دایە زەینەب پاش دەستبەسەرکران براوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان و لەوێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە سنە ڕەوانە کراوە، ناوبراو لەو دوو ڕۆژەدا هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە”.

زەینەب ئیسماعیلی دایکی “محەمەدئەمین ئەمیری” بە نازناوی “هاوڕێ لەیلاخ”، ئەندامی یەکینەکانانی پاراستنی گەلە. محەمەدئەمین ئەمیری لە ساڵی ٢٠١٤دا لەمیانەی بەرگریی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە شاری کۆبانێ لەبەرامبەر هێرشی چەکدارەکانی داعشدا گیانی بەختکردبوو.

دایکانی ئاشتی کوردستان لەلایەن گروپێکی دایکانی گیانبەختکردووان و بەندکراوە سیاسییە لەسێدارەدراوەکانی کوردەوە دامەزراوە. ئەو دایکانە پێکهێنانی ئاشتی و و دەرخستنی ڕاستییەکان و جێبەجێکردنی دادوەری وەک ئامانجی خۆیان دیاری کردووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا گۆشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر دایکانی ئاشتی زیادی کردووە، ئەو ناوەندانە بەردەوام بانگیان کردوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردوون.