بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی خەرمانان (٨ی سێپتامبر) شلێر ڕەسوولی، ئەو ژنە مەریوانییەی بۆ خۆڕزگارکردن لە دەستدرێژیکردنی دراوسێکەی، خۆی لە بینایەکی دوونهۆمەوە هەڵدابووە خوارێ، دوای ٦ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە مەریوانەوە گەیشتووە، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم ژنە لاوە ژمارەیەک لە ژنانی مەریوان لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە زیادبوونی ڕێژەی ئامارەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان و نەبوونی ئاسایش بۆ ژنان لە کۆمەڵگادا، هاتوونەتە سەر شەقامەکان.

ئەم ژنە ٣٦ ساڵەیە کە دایکی ٢ منداڵە لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرماناندا (٣ی سێپتامبر) لە لایەن یەکێک لە دراوسێکانیەوە بە ناوی گ.ق بە بیانووی یارمەتیدانی ژنە نەخۆشەکەی بانگ کراوەتە ماڵەوە. دوای ئەوەی شلێر ڕەسوولی تێگەیشتووە کە دراوسێکەی دەیەوێ دەستدرێژی بکاتە سەری، خۆی لە بینا دوونهۆمەکەوە هەڵدابووە خوارەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا ژمارەیەک لە ژنان و چالاکانی مافەکانی ژنان لە مەریوان وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرانبەر زیادبوونی ڕێژەی ئامارەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان و نەبوونی ئاسایش بۆ ژنان لە کۆمەڵگادا، لە بەردەم بینای دادگوستەریی ئەم شارە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد.