بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دێسامبر) کۆبوونەوەی دادگای موژگان کاووسی، نووسەر و توێژەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەران، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ساری بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ»، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «فریودان و پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» و «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» بەڕێوە چووە.

لەم دانیشتنەدا کە بە ئامادەبوونی ئەم نووسەرە دەستبەسەرکراوە و پارێزەرەکانی بەڕێوە چووە، دوایین بەرگرییەکان لەمەڕ تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان پێشکەشی دادگا کراوە.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا دادوەری دادگا باسی لە دەرکردنی حوکمی ئازادکردن لە ڕۆژانی داهاتوودا کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرماناندا (٢٢ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە نەوشەهر دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تۆنکابۆن کراوە.

ناوبراو پێشتر لە بەفرانباری ١٤٠٠دا (ژانڤییەی ٢٠٢٢) دوای ٢١ مانگ زیندانیبوون لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.