لەگەڵ هاتنی نەورۆز و دەسپێکردنی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا، ساڵەکانی بەندبوونی زەینەب جەلالیان لە ١٥ تێدەپەڕێت و دەچێتە نێو شازدەهەم ساڵەوە. ئەم ژنە کوردە کۆنترین و تاکەزیندانیی سیاسییە لە ئێراندا کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە. زەینەب بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە جیا لە ئەشکەنجەدرانی بەردەوام، تەنانەت لە مافی پشووی پزیشکییش بێبەش کراوە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە کرماشان تا ئێستە کە لە زیندانی یەزددایە، چەندەها جار بە شێوەی نایاسایی و توندوتیژئامێز لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا جێگۆڕکێی پێ کراوە.

(لە ڕاپۆرتێکدا کە بە زمانی فارسی و هاوکات لەگەڵ پازدەهەمین ساڵی دەستبەسەرکردن و بەندکردنی زەینەب جەلالیاندا بڵاو کرایەوە، ئاوڕێک دراوەتەوە لە دوایین دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە لە زیندانی یەزددا. لەم ڕاپۆرتەدا کە ساڵی ڕابردوو بڵاو کرایەوە دەتوانن لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی ملهوڕانە، پرۆسەی نادپەروەرانەی دادگاییکردن، ئەشکەنجە قورسەکان و دۆخی گشتیی ئەم زیندانییە سیاسییە ئاگادار ببنەوە).

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (١٩٨٣) له‌ گۆندی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له‌ دایك بووه‌. ناوبراو له ڕێکەوتی ٧ی‌ ڕەشەمەی‌ ١٣٨٦ی هه‌تاوی (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) له‌ كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ئێستە لە زیندانی یەزددایە. زەینەب لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٨ی مەیی ٢٠٢٠) بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دوور خرایەوە بۆ ئەم زیندانە. نزیکەی ٦ مانگ پێش دوورخستنەوەی بۆ زیندانی یەزد، سەرەتا لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠) بەشێوەی لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت یاخود خستنەبەردەستی دەستوور و هۆکارێکی یاسایی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی خۆیەوە کە نزیکترین زیندان بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، گوێزرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٢ مانگ و لە حاڵێکدا کە تووشی کۆڤیدی ١٩ (کۆرۆنا) ببوو و بە مەبەستی قبووڵکردنی داواکاریی گەڕاندنەوەی بۆ زیندانی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو، دیسانەوە هەروەک جاری پێشوو گواستیانەوە بۆ زیندانی کرمان و بۆ ماوەیەکیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانەدا ڕایانگرت. ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی کرمان برایە دەرەوە و دوای دوو ڕۆژ دەرکەوت کە ڕەوانەی زیندانی کرماشان کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی ئەوەی بە درێژایی ئەو ڕێگایە کەلەبچە و پێبەندی لێ درابوو و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ ناو ئۆتۆمبێل بەسەر عەرزدا ڕایانکێشابوو، مەچەکی دەست و قاچەکانی بە قورسی بریندار ببوون، هەر بۆیە بەرپرسانی زیندانی کرماشان سەرەتا لەبەر دۆخی ناجێگری زەینەب لەڕووی تەندروستییەوە ئامادە نەبوون وەریبگرن.

زەینەب جەلالیان بۆ دووهەم جار لە زیندانی یەزد تووشی کۆڤید بوو و سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ خستبوویانە ژوورێکی گشتیی تایبەت بە کەسانی موعتادەوە کە شوێنێکی زۆر پیس بوو و خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکییشیان بۆ دابین نەکردبوو. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دوو جار تووشبوون بە کۆرۆنا و لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، لە قۆناغی پاش نەخۆشییەکەدا تووشی ئاسم و کێشەی سییەکانی بوو. ئەم نەخۆشییانە کە لە لایەن پزیشکی زیندانیشەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لەگەڵ نەخۆشییەکانی پێشتریدا، لەوانە کێشەی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، بەفرەکی دەم، ناخوونەکی چاو، کزبوونی بینایی، ئیلتیهابی ددان و… کە لە ماوەی بەندکران و لە ئەنجامی ئەشکەنجەی قورس و دۆخی نالەباری زینداندا تووشی بووە، بوونەتە هۆی تێکچوون و لاوازیی جەستە و تەندروستیی زەینەب.

زەینەب جەلالیان لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا و بە هۆی جێگۆڕکێی بەردەوامەوە لە نێوان زیندانە جیاوازەکاندا و دووربوونی مەودای نێوان یەزد و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لە ماکۆ، هەروەها لەبەر سنووردانان و قەدەغەکارییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان، نەتەنها نەیتوانیوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت بەڵکوو پێوەندیی تەلەفۆنیشی کورت کراوەتەوە بۆ تەنها جارێک لە حەفتەدا و ئەویش تەنها لەگەڵ دایک و باوکیدا. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی یەزد چەند جارێک دیداریان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەدا کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە هەواڵێک لەسەر بارودۆخی لە ڕێگای خۆی و بنەماڵەکەیەوە لە میدیاکاندا دەبێتە هۆی توندترکردنەوەی گوشارەکان و دوورخستنەوەی دووبارەی بۆ زیندانێکی تر.

هێزە ئەمنییەکانی ماکۆ لە ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گوزەل حاجیزادەی دایکی زەینەب جەلالیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە بارودۆخی منداڵەکەی، هەم خۆی و هەم عەلی جەلالیانی باوکی زەینەب و هەم سێ براکەی بە ناوەکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسفیان دەستبەسەر کرد. ئەگەرچی ئەندامانی بنەماڵەی زەینەب دوای شەووڕۆژێک و بە هۆی لەسەرخۆچوونی دایکی زەینەبەوە ئازاد کران، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر هەرچەشنە بڵاوکردنەوەیەکی هەواڵ و وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب هەڕەشەی لێ کردوون. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لەو بنەماڵەیە کردبوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا دژ بە چالاکییەکانی زەینەب و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان قسە بکەن کە ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان کردبۆوە.

زەینەب جەلالیان لە حاڵێکدا پێ دەنێتە نێو شازدەهەمین ساڵی بەندبوونەوە کە بە وتەی پارێزەرەکانی، بەپێی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی کە ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) پەسەند کرا، مانەوەی پارێزوانەکەیان لە زینداندا پێچەوانەی یاسایە و دەبێ ئازاد بکرێت.