دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سورەیا قەیتەران و شەهلا چووپانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی پیرانشار و سەقز دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٥ی پووشپەڕ (٢٦ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سورەیا قەیتەران لە گوندی «کانی مەلا»ی پیرانشار و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. پێشتر و لە ٢١ی جۆزەرداندا (١١ی ژوەن) دوو برای ئەم ژنە کوردە بە ناوەکانی عەبدوڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی پووشپەڕیش (٢٧ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقزیان بە ناوی شەهلا چووپانی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.