بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دوو شەممە ١٢ی پووشپەڕ (٣ی جولای) ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورسی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئێسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کراوە.

ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان لە ماوەی دەستبەسەربووندا چەندین جار براوەتە دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە و تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا»، «بڵاوکردنەوەی درۆ»، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»ی لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامبوونەوە لە گرووپ و دەستەی نایاساییدا ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) بۆ دووهەم جار لەدوای سەرهەڵدانی سەرانسەریی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە دەستبەسەر کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٠ی گوڵاندا (١٠ی مەی) هەواڵی گواستنەوەی ژینا مودەڕیس گورجیی بۆ بەندی گشتیی زیندانی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە بڵاو کردبووەوە. ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان لە مانگی یەکەمی دەستبەسەربووندا لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانەدا ڕاگیرابوو و ڕۆژانە بۆ لێپرسینەوە دەبرایە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ئەم چالاکە ناسراوەی بزاڤی ژنان پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزاندا (٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو (مارسی ٢٠٢٣) ئەم ڕۆژنامەوانە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە تۆمەتی نوێی پێ ڕاگەیەنرابوو و دادوەری دۆسیەکە ڕێژەی بارمتەکەی بەرز کردبۆوە بۆ یەک میلیارد تمەن.

ژینا مودەڕیس گورجی لە مەودای نێوان هەردوو جاری دەستبەسەرکردندا بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریدا بوو.