لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان، ڕۆژی ڕابردوو بۆ دووهەم جار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شیما حسەینپووری و فەریبا حسەینپووری، خوشکانی ئازاد حسەینپووری، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراون و بۆ ماوەی جەندین کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ (١٦ی جولای) بۆ دووهەم جار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شیما حسەینپووری و فەریبا حسەینپووری بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراون و لەسەر چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لێپرسینەوەیان لێ کراوە. ئەم دوو هاووڵاتییە لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و ناچار کراون بەڵێننامەیەک واژۆ بکەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکی ناکەن و لە ڕێوڕەسمی گیانبەختکردوانیشدا بەشداری ناکەن.

پێشتر و لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕدا (١٣ی جولای) ئەم دوو هاووڵاتییە لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی ئەم بنەماڵەیە بە ناوەکانی شیرین حسەینپووری، شەهرووز حسەینپووری و ڕەحمان ئیسماعیلی، بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوون. لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەم هاووڵاتیانەیان لەسەر چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، خستبووە ژێر لێپرسینەوە.

بانگهێشتکردنی ئەم هاووڵاتیانە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی و تەنها لە ڕێی تەلەفۆنەوە بووە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە سەرەتای مانگی پووشپەڕدا (کۆتایی ژوەن) دروستکەری بەردەقەبرەکەی ئەم گیانبەختکردووەیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردبوو ئەگەر وشەی «شەهید» لەسەر بەردەکە نەسڕێتەوە شوێنی کارەکەی دادەخرێت. هەر بۆیە لەژێر ئەم گوشار و هەڕەشانەدا وشەی «شەهید» لەسەر بەردی سەر گۆڕەکەی ئەم گیانبەختکردووە سڕایەوە.

ئازاد حسەینپووری، ٣١ ساڵان، خوێندکاری پزیشکی و ددانسازی خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.