زەینەب جەلالیان، کۆنترین و تەنها زیندانیی سیاسیی ژنی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی کە لە شازدەهەم ساڵی زینداندایە، لە چەند مانگی ڕابردوودا لە زیندانی یەزد کەوتووەتە ژێر هەڕەشە و گوشاری لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تاکوو ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و پەشیمانی دەرببڕێت. ئەم زیندانییە سیاسییە کە هەندێ نەخۆشیی وەک کێشەی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، ئاسم، بەفرەکی دەم، ناخوونەکی چاو و کزبوونی بیناییی لەگەڵە، بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا تیمێکی پێکهاتوو لە لێپرسەوە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات چەندین جار لە زیندانی ناوەندیی یەزد سەردانی زەینەب جەلالیانیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئازادبوون یاخود بەهرەمەندبوونی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بەندە بە دانپیانانی زۆرەملێیی و دەربڕینی پەشیمانییەوە. زەینەب جەلالیان ئەم داواکاریانەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بەپێی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی کە ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) پەسەند کراوە، مانەوەی لە زینداندا پێچەوانەی یاسایە و دەبێ ئازاد بکرێت.

هەروەها لە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەرداندا (٦ی ژوەن) و دوابەدوای ئەوەی کە هەندێ لە زیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی یەزد لە ناو ئەو زیندانەدا چێژنێکیان بۆ یادی لەدایکبوونی ٤١ ساڵەیی ئەم زیندانییە سیاسییە گرت، بەرپرسی پاراستنی زیندانەکە بە کۆمەڵ ئەو ژنە زیندانیانەی بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی دۆسیەسازیی لێ کردوون.

زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە کرماشان تا ئێستە کە لە زیندانی یەزددایە، چەندەها جار بە شێوەی نایاسایی و توندوتیژئامێز لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا جێگۆڕکێی پێ کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە ڕۆژی ٧ی‌ ڕەشەمەی‌ ١٣٨٦ی هه‌تاوی (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) له‌ كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، ئێستە لە زیندانی یەزددایە. زەینەب لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٨ی مەیی ٢٠٢٠) بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دوور خرایەوە بۆ ئەم زیندانە. نزیکەی ٦ مانگ پێش دوورخستنەوەی بۆ زیندانی یەزد، سەرەتا لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠) بەشێوەی لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت یاخود خستنەبەردەستی دەستوور و هۆکارێکی یاسایی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی خۆیەوە کە نزیکترین زیندان بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، گوێزرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٢ مانگ و لە حاڵێکدا کە تووشی کۆڤیدی ١٩ (کۆرۆنا) ببوو و بە مەبەستی قبووڵکردنی داواکاریی گەڕاندنەوەی بۆ زیندانی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو، دیسانەوە هەروەک جاری پێشوو گواستیانەوە بۆ زیندانی کرمان و بۆ ماوەیەکیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانەدا ڕایان گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی کرمان برایە دەرەوە و دوای دوو ڕۆژ دەرکەوت کە ڕەوانەی زیندانی کرماشان کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی ئەوەی بە درێژایی ئەو ڕێگایە کەلەبچە و پێبەندی لێ درابوو و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ ناو ئۆتۆمبێل بەسەر عەرزدا ڕایانکێشابوو، مەچەکی دەست و قاچەکانی بە قورسی بریندار ببوون، هەر بۆیە بەرپرسانی زیندانی کرماشان سەرەتا لەبەر دۆخی ناجێگری زەینەب لەڕووی تەندروستییەوە ئامادە نەبوون وەریبگرن.

زەینەب جەلالیان بۆ دووهەم جار لە زیندانی یەزد تووشی کۆڤید بوو و سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ خستبوویانە ژوورێکی گشتیی تایبەت بە کەسانی موعتادەوە کە شوێنێکی زۆر پیس بوو و خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکییشیان بۆ دابین نەکردبوو. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دوو جار تووشبوون بە کۆرۆنا و لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، لە قۆناغی پاش نەخۆشییەکەدا تووشی ئاسم و کێشەی سییەکانی بوو. ئەم نەخۆشییانە کە لە لایەن پزیشکی زیندانیشەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لەگەڵ نەخۆشییەکانی پێشتریدا، لەوانە کێشەی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، بەفرەکی دەم، ناخوونەکی چاو، کزبوونی بینایی، ئیلتیهابی ددان و… کە لە ماوەی بەندکران و لە ئەنجامی ئەشکەنجەی قورس و دۆخی نالەباری زینداندا تووشی بووە، بوونەتە هۆی تێکچوون و لاوازیی جەستە و تەندروستیی زەینەب.

زەینەب جەلالیان لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا و بە هۆی جێگۆڕکێی بەردەوامەوە لە نێوان زیندانە جیاوازەکاندا و دووربوونی مەودای نێوان یەزد و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لە ماکۆ، هەروەها لەبەر سنووردانان و قەدەغەکارییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان، نەتەنها نەیتوانیوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت بەڵکوو پێوەندیی تەلەفۆنیشی کورت کراوەتەوە بۆ تەنها جارێک لە حەفتەدا و ئەویش تەنها لەگەڵ دایک و باوکیدا. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی یەزد چەند جارێک دیداریان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەدا کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە هەواڵێک لەسەر بارودۆخی لە ڕێگای خۆی و بنەماڵەکەیەوە لە میدیاکاندا، دەبێتە هۆی توندترکردنەوەی گوشارەکان و دوورخستنەوەی دووبارەی بۆ زیندانێکی تر.

هێزە ئەمنییەکانی ماکۆ لە ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گوزەل حاجیزادەی دایکی زەینەب جەلالیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە بارودۆخی منداڵەکەی، هەم خۆی و هەم عەلی جەلالیانی باوکی زەینەب و هەم سێ براکەی بە ناوەکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسفیان دەستبەسەر کرد. ئەگەرچی ئەندامانی بنەماڵەی زەینەب دوای شەووڕۆژێک و بە هۆی لەسەرخۆچوونی دایکی زەینەبەوە ئازاد کران، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر هەرچەشنە بڵاوکردنەوەیەکی هەواڵ و وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب هەڕەشەی لێ کردوون. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لەو بنەماڵەیە کردبوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا دژ بە چالاکییەکانی زەینەب و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان قسە بکەن کە ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان کردبۆوە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان لەدایکبووی ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی‌ ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (٦ی ژوەنی ١٩٨٢) له‌ گۆندی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا،‌ سه‌رماوه‌زی ساڵی‌ ١٣٨٦ی هه‌تاوی (دێسامبری ٢٠٠٧) له‌ كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چه‌ندین مانگ ڕاگرتن له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌م شاره و‌ كه‌وتنه‌ ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی جەستەیی و ڕۆحیی فراوان، له‌ لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە به‌ تۆمه‌تی «هه‌وڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «موحارەبە» لە ڕێگەی ئه‌ندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستاندا (پەژاک)، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.‌ ئه‌م سزایه‌ سەرەتا لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی په‌سه‌ند کرا، بەڵام ساڵی ١٣٩٠ی هه‌تاوی (٢٠١١)، پلەیەک كه‌م كرایه‌وه‌ و بوو بە بەندکرانی هه‌تاهه‌تایی.

کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٧) و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکرێت و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگیرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانە و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.