بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “کەمال حەسەن ڕەمەزان”، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ڕۆژی ٣٠ خەزەڵوەر / ١١.٢١ بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرابووەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٤ی سەرماوەز /  ١١.٢٥ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە. لەلایەکی دیکەوە هیچ زانیارییە سەبارەت بە ڕەوشی “سەعید سەنگەر” کە لەگەڵ کەمال حەسەن ڕەمەزاندا بۆ ئەو دەستبەسەرگەیە گوازرابووەوە لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤ دووا و گوتی: “کەمال حەسەن ڕەمەزان لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتدا بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و سەبارەت بە تۆمەتگەلی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” و “هاندان بۆ بشێویی بەندیخانە” لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە”.

دەگوترێت کە لە هەفتەی ڕابردوودا هاوکات بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکە تایبەتەکانی بەندیخانەی ورمێ بەردەوام هەڵیانکوتاوەتە سەر بەندە جیاوازەکانی ئەو بەندیخانەیە و پشکنیویانە.

پێویستە بگوترێت کە سەعید سەنگەر کە هاوکات بە کەمال حەسەن ڕەمەزان بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات گوازرابووەوە هێشتا نەگەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای لە بەردەستدا نییە.

کەماڵ حەسەن رەمەزان پێشتریش لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٦.١٢ بۆ ماوەی هەشت رۆژ، لە رەشەمەی ساڵی  ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٣ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ، لە سەرماوەی ١٣٩٦ی هەتاوی/٢٠١٧.١٢ بۆ ماوەی حەوت رۆژ، لە گەلاوێژی ١٣٩٧/ ٢٠١٨.٠٨ بۆ ماوەی هەشت رۆژ، لە جۆزەردانی ١٣٩٨ / ٢٠١٩.٠٦ بۆ ماوەی هەفتەیەک، لە خەرمانانی ١٣٩٨ / ٢٠١٩.٠٩ بۆ ماوەی هەفتەیەک و لە مانگی ڕابردووشدا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوازرابووەوە. بە پێی زانیارییەکان ئەم فشارانە بۆ سەر ئەم بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی کردنەوەی دۆسییەی نوێ و وەرگرتنی وتە و دانپێدانانی ساختەوە بووە.

کەمال حەسەن رەمەزان تەمەنی ٣٣ ساڵە و خەڵکی سەرێکانی کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) یە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شەشی خەرمانان ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤.٠٨.٢٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و پاش چوار مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی/ ٢٠١٥.٠٧ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ورمێوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)” بە ١٠ ساڵ بەندکران سزادرا. پاشان ئەم سزایە بە پێی یاسایەک بەناوی “رازی بوون بە بڕیاری دادگا” بۆ ماوەی حەوت ساڵ کەم کرایەوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەرەڕای ئەوەیکە سزاکەی یەکلایی ببووەوە شەش جار بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە و بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ هەتاوی/ ٢٠١١، لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

کەماڵ حەسەن رەمەزان مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٥ لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ورمێوە بانگ کرا و بە رەسمی سزای سێدارەی پێڕاگەیەنرا. ئەم سزایە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی/ ٢٠١١.١١ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشەوە بە غیابی بۆ کەسێک بە ناوی “کەمالە سور” دەرکرابوو، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ئەم سزایەی بەسەر کەمال حەسەن رەمەزاندا سەپاند و وەک تاوانبار ناساندی، لە کاتێکدا کە تەنیا پەیوەندی ئەم دوو کەسە لێکچوونی ناوەکانیان بووە.

هەروەها سەعید سەنگەر لەداکبووی ساڵی ١٣٥٢/ ١٩٧٣ لە شاری پیرانشارە و لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ / ٢٠٠٠.٠٨.٣١ لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا و پاش دوو مانگ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق” بە سێدارە سزادرا. ئەو سزایە پاش تانەلێدان بۆ بەندکرانی تاهەتایی کەم کرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پاشان بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانی ئێڤینی تاران گوازرایەوە و پاش دوو ساڵ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو بەندیخانەیە لە سای ١٣٨٢ / ٢٠٠٣ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. هەروەها لە ساڵی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧ بۆ بەندیخانەی سنە ڕەوانەکرا و لەئەنجامدا لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ١٣٩٤ /  ٢٠١٥.٠٩.٠١ بۆ بەندیخانەی ورمێ گەڕێندرایەوە.

سەعید سەنگەر لە ساڵی ١٣٩٥ / ٢٠١٦ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان ئاگادارکرایەوە کە سزای بەندکرانی تاهەتاییەکەی بۆ ١٨ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.