هاوڕێیەکی “بورهان مەنسورنیا“، یەکێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشان و مەریوان لە هەوڵدان ناوی بورهان مەنسورنیا وەک شەهیدی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار بکەن”.

بورهان مەنسورنیا، ٢٨ ساڵان، هاوڵاتی خەڵکی مەریوان هەڵگری بەڵگەنامەی دکتۆرا لە بەشی ڤیتەرنەریی زانکۆی ورمێ بوو. ئەو هاوڵاتییە پاش تەواو کردنی خوێدنن بەمەستی بەجێهێنانی خزمەتی زۆرەملیی سەربازی بۆ کرماشان ڕەوانە کرابوو. ناوبراو پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بکوژرێت بە تێپەڕکردنی سەربازییەکەیەوە سەرقاڵ بوو.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سکاڵای بنەماڵەی مەنسورنیا لە بکوژەلانی بورهان مەنسورنیا بە هۆی پێشێلکارییەکانی پزشکی داد و نەخۆشخانەی “تاڵەقانی”ی کرماشان تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک، چونکە ئەو سکاڵایە پەیوەندیی بە تەواوبوونی دۆسیەی پزشکییەکەی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: “ئەو کاتەی بورهان مەنسورنیا لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی بوو، پزشکی نەشتەرگەری ئەو نەخۆشخانەیە (کە ناوەکەی لای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پارێزراوە) ڕێگریی کرد لەوەی چاودێڕیی باشیی پزشکیی بۆ ئەنجام بدرێت، ئێستاش ئەو پزشکەیە کە ڕێگا نادات دۆسییەکەی تەواوبکرێت و ڕادەستی بنەماڵەکە بکرێت”.

بنەماڵەی مەنسورنیا لە ئێستادا بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانی و پزشکیی دادی کرماشان بێ هیوا بوون بۆ بەدواداچوونی یاسایی و تۆمارکردنی سکاڵاکەیان.

بنەماڵەی مەنسورنیا لەڕێگەی چەند سەرچاوەیەکی ناو ناوەندە ئەمنییەکانەوە ئاگاداربوونەتەوە کە ئەو ناوەندانە هەموو قۆناغەکانیان بۆ تۆمارکردنی ناوی بورهان مەسنورنیا وەک شەهیدی کۆماری ئیسلامی بڕیوە و تەنیا ئەوەیان ماوە بچنە ماڵی ببنەماڵەکەی لە مەریوان و ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنیی بۆ بکەن.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا باسی گۆشاری ناوەندە ئەمنی و حکومییەکانی کرماشان و مەریوان بۆسەر بنەماڵەی مەنسورنیای کرد و زیادی کرد: “باڵاترین بەرپرسانی حکومەتی پارێزگای کرماشان و چەند بەرپرسی ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشان پەیوەندییان بە بنەماڵەی مەنسورنیاوە کردووە و داوایان کردووە بچنە ماڵەکیان بەڵام ئەو بنەماڵەیە ڕەتیان کردووەتەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە ئەو ناوەندانە مەبەستیان وایە کە بە کامێرا و هەواڵنێرەکانی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە بچنە ماڵی بورهان مەنسورنیا لە مەریوان و بەو جۆرە ڕاستییەکان بەشێوەیەکی دیکە پیشان بدەن.

هاوکات ناوەندە ئەمنییەکان پاش بڵاوبوونەوەی هەموو ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بورهان مەنسورنیاوە پەیوەندیی بە ئەندامانی بنەماڵەکەوە دەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن.

بەرێوەچوونی رێوەرەسمی چلەی بورهان مەسنوورنیا و بێهروز مەلەکی، مێهران تاک، دانیال ئۆستەواری و عوسمان نادری کە لە خۆپێشاندانەکانی شاری مەریوان گیانی خۆیان لە دەستدابوو

ئەو سەرچاەیە لە کۆتاییدا باسی ئەوەی کرد کە بەپێی ئەو هەڕەشانە پێدەچێت ئەگەر ئەو بنەماڵەیە دیسانەوە داواکاریی ناوەندە ئەمنییەکان ڕەت بەنەوە ئەگەری هەیە ئەوە هەڕەشانە جێبەجێ بکرێن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو ناوەندە ئەمنییانە گۆشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی کوژراوانی دیکەی ئەو خۆپیشاندانانە لە شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان، سنە، مەریوان و هەندێک لەو بنەمەڵانەیان ناچار کردووە قبوڵی بکەن ناوی ڕۆڵەکایان وەک شەهیدی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار بکەن.