زیندانیی سیاسیی کورد کامران قاسمی کە لە زیندانی ورمێ خەریکی تێپەڕاندنی حوکمە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژەکەیەتی، لە کاتی دیداری بنەماڵەکەیدا کەوتۆتە بەر لێدان و سووکایەتیکردنی کاربەدەستانی زیندانەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ هێزەکانی زیندانی ورمێ لە کاتی دیداری زیندانییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بێڕێزی و سووکایەتییان بە بنەماڵەی کامران قاسمی کردووە و ئەمەش کاردانەوەی ناوبراوی لێ کەوتۆتەوە و دوابەدوای ناڕەزایی دەربڕینی ئەم زیندانییە سیاسییە، هێزەکانی گاردی زیندان لە بەرچاوی بنەماڵەکەیدا لێیان داوە و سووکایەتییان پێ کردووە.

سەرباری ئەمەش، بەرپرسانی زیندان بە شێوەیەکی بێڕێزانە و ناشیرین بنەماڵەکەییان لە هۆڵی چاوپێکەوتن کردۆتە دەرەوە. دوای گەڕانەوەی ئەم زیندانییەیش بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی، ژمارەیەک لە زیندانییانی تاوانە مەترسیدارەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکی زیندان چوونەتە بەردەم دەرگای بەندەکە و بە مەبەستی بەرگرتن بە هەرچەشنە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەک، هەڕەشەیان لە زیندانییە سیاسییەکان کردووە.

دەوترێت سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ پێشتریش چەندین جار بۆ بەرگرتن بە ناڕەزایەتیی زیندانییانی سیاسی لە زیندانییانی تاوانە مەترسیدارەکان کەڵکی وەرگرتووە.

کامران قاسمی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

ئەم هاووڵاتییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا لەگەڵ دوو هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە و ئومید سەعیدی، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، هەرکامەو حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.